هەسەدە کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی لەدەستدا


بە گوێرەی راگەیەنراوی هەسەدە کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی لە دەست هێزەکانی سوریای دیموکرات نەماوە .

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رۆژی دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە "  دیوارەکانی زیندانی ئەلشەدادی،لە باشووری حەسەکە لە پارێزگای ئەلجەزیرە، کە هەزاران بەکرێگیراوانی داعشی تێدایە، لەلایەن گروپەکانی سەر بە بەکرێگیراوانی حکومەتی کاتییەوە هێرشی کراوەتەسەر و دۆخی ئەمنیی زۆر مەترسیدارە".

هەسەدە دەشڵێت " لە ئێستادا هێزەکانمان کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی لەدەستداوە کە هەزاران چەکداری داعش لە زیندانەکەدان".

هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە، زیندانی شەدادی تەنیا ٢ کیلۆمەتر لە بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە دوورە، بەڵام سەرەڕای داواکاریی بەردەوام، هێزەکانی هاوپەیمانان دەستوەردانیان نەکردووە بۆ پاراستنی زیندانەکە.

ئاشکراشی کرد "ماوەی سێ ڕۆژە هێزەکانمان بەردەوامن لە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە مەبەستی گواستنەوەی زیندانیانی ڕێکخراوی داعش لە زیندانی "ئەلقەتان" لە شاری ڕەققە بۆ شوێنێکی ئارام، بەڵام هاوپەیمانان، سەرەڕای بەڵێنە دووبارەکان، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییان لەم چوارچێوەیەدا نەناوە".





PM:05:18:19/01/2026