لە نووسراوێکدا کە واژۆی، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، داوا دەکرێت لە گرێبەستە نوێیەکاندا کەمترین مووچەی ژینگەپارێزان بکرێتە ٤٥٠ هەزار دینار.
بەپێی نووسراوێک کە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، وەڵامی داواکارییەکی پێشتر دراوەتەوە و بڕی مووچەی کرێکاری پاککەرەوە دیاریکرا کە کەمترینیان دەبێت ٤٥٠ هەزار دیناربێت.
لە نووسراوەکەدا هاتووە ، تایبەت بە مووچەی کرێکارانی پاککەرەوە، بڕیاردراوە کەمترین مووچەی کرێکاری پاککەرەوە بە بڕی (٤٥٠،٠٠٠) چوار سەد و پەنجا هەزار دینار دەبێت لە گرێبەستی نێوان حکومەت و کۆمپانیاکان جێگیر بکرێت بۆ (٨) هەشت کاتژمێری کاری ڕۆژانە، پێویستە لە ناوەڕۆکی گرێبەست ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچەی کرێکاران دابین بکرێت، بۆ ئاگاداری و کاری پێویست.
ئەوەی جێی ئاماژەیە، لە تەندەری گرێبەستە نوێیەکانی نێوان حکومەت و کۆمپانیاکان، مووچەی مانگانەی هەر کرێکارێکی ژینگەپارێز لە سێکتەرەکانی (شارەوانی، شارەوانییەکان و تەندروستی) جێگیر بکرێت و لە ٤٥٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت.
هاوکات،لای خۆشییەوە کاوە عەلی کەریم، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"، بەپێی ئەم نووسراوە جەخت دەکرێتەوە کە پێویستە لە کاتی ئامادەکردنی "تەندەر”دا ڕەچاوی بژێوی کرێکاران بکرێت، نەک تەنها قازانجی کۆمپانیاکان، بۆ ئەوەی کرێکاران بتوانن لە سایەی ئەو مووچەیەدا ژیانێکی مامناوەند بەڕێ بکەن".
ئەم هەنگاوە وەک زەروورەتێکی مرۆیی و کارگێڕی دەبینرێت، چونکە ژینگەپارێزان یەکێکن لە ماندووترین چینەکانی کۆمەڵگە و جێگیرکردنی مووچەکانیان بە بڕێکی گونجاو، دەبێتە هۆی باشتربوونی کوالیتی کارەکانیان و پاراستنی شکۆیان.