ئەردۆغان: داهاتووی ناوچەکە بەندە بە یەکپارچەیی سوریا

 سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی سوریا دەکات و پێیوایە سوریایەکی یەکگرتوو کە پارێزگاری لە تەواوی خاکی خۆی بکات، مەرجێکی سەرەکییە بۆ گەشەسەندنی هەموو ناوچەکە.''

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاماژەی بەوە کرد کە سوریا موڵکی هەموو پێکهاتەکانە، بەبێ جیاوازی لە نێوان عەرەب، تورکمان، کورد، عەلەوی، سوننە یان دروز، و وەک "خوشک و برا" وەسفی گەلی سوریای کرد.

سەبارەت بە دۆخی سەربازی و سیاسی، ئەردۆغان دەستخۆشی لە سوپای سوریا کرد کە لە چوارچێوەی زنجیرەی فەرماندەییدا کاردەکەن و توانیویانە بە وریاییەوە خۆیان لە هەڵە بپارێزن.

هەروەها ئاشکرای کرد کە لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، دووپاتی کردووەتەوە کە تورکیا هەمیشە لە تەنیشت گەلی سوریا دەمێنێتەوە، بەتایبەت لە جەنگی دژ بە تیرۆردا و دەستبەرداری پشتگیریکردنیان نابێت.

لەکۆتایی لێدوانەکانیدا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرینەی گەلی سوریا بە ڕێککەوتنی دوێنێ دڵخۆشن، "جگە لە مشتێک بەڵێندەری لاوەکی کە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا دەدەن". 




PM:07:34:19/01/2026