سبەی لە چەند پارێزگا و ناوچەیەکی هەرێم کرایە پشوو

بەهۆی سەرما و بەفرەوە لە هەولێر، سلێمانی و گەرمیان و دهۆک پشووی خوێندن ڕاگەیەندرا

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند کە دوای کۆبوونەوەی پارێزگار لەگەڵ قائیمقامەکان و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە، بڕیاردرا سبەی سێشەممە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی "حکومی و ناحکومی" پشوو بێت. 

ئەم بڕیارە بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و باران و سەرما و سۆڵەیەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە دراوە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی قوتابییان.

لە لایەکی دیکەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند کە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و بەهۆی دابەزینی زۆری پلەکانی گەرما، بڕیاریانداوە دوو ڕۆژ پشووی فەرمی ڕابگەیەنن. 

بەپێی بڕیارەکە، سبەی سێشەممە و دووسبەی چوارشەممە ٢٠ و ٢١ی کانوونی دووەم لە سەرجەم خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پشووی فەرمی دەبێت.

هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە و بەهۆی خراپی کەشوهەوا و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە سنووری ئیدارەی گەرمیانیش بڕیاردرا سبەی سێشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بکرێتە پشووی فەرمی. ئەم هەنگاوە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی قوتابییان لەو سەرما توندەی پێشبینی دەکرێت ناوچەکە بگرێتەوە، جێبەجێ دەکرێت.




PM:09:49:19/01/2026