ئەمشەو بەفر لە چەندان شوێن دەبارێت و پلەی گەرما دادەبەزێت -٤

کەشناسێک، هۆشداری هاتنی شەپۆلی بەهێزی سەرما و بەفر بارین بۆ ئەمشەو  دووشەممە ١٩ی کانونی دووەم دەکات.

 
ئاراس جەبار، ڕایگەیاند'' لەئەنجامی گەیشتنی ناوەندی بارستە هەوای سارد لەچەند کاتژمێری داهاتوودا شەپۆلێکی سەرما و شەختە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە و نزمترین پلەکانی گەرمای بۆ ئەم مانگە تیادا تۆماردەکرێت.''

وتیشی'' بەهۆی بەردەوامی کاریگەری شەپۆلی دەریای ناوەراستیش لەسەر بەشێکی ناوچەکانی باکور و باشور و رۆژهەڵاتی هەرێم لەکاتەکانی ئەمشەو بۆ بەرەبەیانی سبەی سێشەمە ٢٠ی مانگ پێشبینی بارینی بەفر ئەکەین لەسەنتەری شاری سلێمانی ، هەڵەبجە ، سۆران ، ڕانیە ، قەڵادزێ ، کۆیە ، شەقڵاوە ، دووکان ، چەمچەماڵ ، بازیان و دەربەندیخان بەگشتی ناوچەکانی باکوری گەرمیان.'' 

لەسنوری پارێزگای دهۆک و سەنتەری پارێزگای هەولێر و کەرکوک کاریگەری شەپۆلی دابارین زووتر کۆتای پێدێت و بەر لەنیوەی شەو لەو ناوچانەدا کەش ئاسایی ئەبێتەوە، بڕی بارینی بەفرەکەش لەناوچە ئاماژە پێکراوەکان لەنێوان ٢ تا ٦ سم ئەبێت، پاشان لەبەیانی سبەی سێشەمە کاریگەری شەپۆلەکە لەسەر ئەو ناوچانەش لاواز ئەبێت و کۆتای پێدێت .

ئاماژە بەوەشکراوە، لەتەواوی ناوچە سنوریەکان و ناوچە شاخاویەکان بەرزترین پلەی گەرمی ٣ پلە ژێر سفر و نزمترین پلە ١٠ بۆ ١٣ پلە بۆ ژێر سفر نزمدەبنەوە ، کاریگەری ئەو شەپۆلە سەرمایە تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەردەوامی ئەبێت بەتایبەت لەناوچە شاخاویەکان بەدرێژای رۆژانی داهاتوو شەختە و بەستن ئەبێت

لەئەنجامی ئەو شەپۆلە سەرمایە سبەی سێشەمە. پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو نزمدەبنەوە بەم شێوەیە:

سلێمانی بەرزترین ٢ پلە ، نزمترین ٤ پلە ژێر سفر
دهۆک بەرزترین ٤ پلە ، نزمترین ٢ پلە ژێر سفر
هەڵەبجە بەرزترین ٣ پلە ، نزمترین ٣ پلە ژێر سفر
هەولێر بەرزترین ٥ پلە ، نزمترین ٢ پلە ژێر سفر
کەرکوک بەرزترین ٦ پلە ، نزمترین 0٠
ئیدارەی گەرمیان بەرزترین ٧ پلە ، نزمترین ١ پلە ژێر سفر
ئیدارەی سۆران بەرزترین ٢ پلە ، نزمترین ٦ پلە ژێر سفر
ئیدارەی راپەرین بەرزترین ٢ پلە ، نزمترین ٤ پلە ژێر سفر




PM:10:13:19/01/2026