ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی (یەپەگە)، ڕایگەیاند'' ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەی جینۆساید بوونەتەوە
فۆزە یوسف، لە پەیامێکی بەپەلەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) دەڵێت'' هێرشێکی بێباکانە لە ئارادایە و تۆمەتباری چەتەکانی داعش لەژێر پەردەی سوپای سوریا دا ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن.''
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، فۆزە یوسف بانگەوازێکی ئاراستەی دانیشتووانی باکووری کوردستان کرد و داوای لێکردن بەپەلە بەرەو ناوچە سنوورییەکانی وەک "نوسەیبین و سروچ" بڕۆن. ئەم داوایە وەک هەنگاوێکی مەیدانی بۆ پشتیوانیکردن لە ڕۆژئاوا لەم ساتە هەستیارەدا لێکدەدرێتەوە.
ئەو بەرپرسەی یەپەگە دۆخەکەی بە هەستیار و چارەنووسساز وەسف کرد و ڕایگەیاند'' ئەمڕۆ ڕۆژی بەرگریكردنە لە شەرەف و بوونمان."
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ئێستادا شەڕ لە دەوری کۆبانێ زیاتر بووە و چەکدارێکی زۆری ئەحمەد شەرع هێرشیان بۆ کردەوەتە سەر و هەروەها لە حەسەکەش چەکدارانی ئەحمەد شەرع هێرش دەکەن و ژمارەیەکی زۆری هێزی هەسەدە ڕەوانەی ئەوێ کراوە، هاوکات لە ئێستادا هەر یەک لە کۆبانێ و حەسەکە لەیەکتری دابڕاون.