موراد قەرەیلان: ئەمە پیلانگێڕییەکی مێژووییە و تەنیا ڕۆژئاوا ناکاتە ئامانج

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ گەلی ڕۆژئاوای کوردستان، هێرشەکانی ئەمدواییەی بە "پیلانگێڕییەکی مێژوویی" وەسف کرد. 

موراد قەرەیلان ڕایگەیاند'' ئامانجی ئەم هێرشانە تەنیا ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی ئیرادەی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان.''

هۆشداریشی دا کە دوور نییە سبەی یان کاتێکی تر، باشووری کوردستان بکرێتە ئامانج، چونکە ئەم هێرشە بۆ تەنیاکردنی باشووری کوردستان و بێماناکردنی پرۆسەی ئاشتییە لە باکووری کوردستان.

فەرماندەی گشتیی هەپەگە ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی وڵاتانی هاوپەیمان، بەتایبەتی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا کرد. قەرەیلان وتی'' ئەمە بێبەختییەکی گەورەیە کە کوردانی ڕۆژئاوا ١٣ هەزار شەهیدیان لە دژی داعش دا، کەچی ئێستا ڕێگە بۆ هێرشکردنە سەریان دەکرێتەوە." 

ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکانی هەسەدە لە زیندانەکانی ڕەقە گەمارۆدراون و هاوپەیمانان وەڵامی داواکارییەکانیان نادەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە ڕاکردنی هەزاران چەکداری داعش، ئەمەشی بە برینێک لە ویژدانی مرۆڤایەتی ناوبرد.

قەرەیلان دەوڵەتی تورکیای تۆمەتبار کرد بەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە بەکارهێنانی تەکنیکی سەربازی و درۆن، ڕابەرایەتی هێرشی گرووپە چەکدارەکان دەکات. 




AM:11:51:20/01/2026