هەسەدە: لە چوار لاوە هێرشی چەتەکان لە کۆبانێ تێکشکێندراوە

‌ئەرشیف- کۆبانێ

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بەشەرع بۆ کۆبانێ لە بەیانی ئەمڕۆدا بڵاوکردەوە.

سێ شەممە، ٢٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نێوان کاتژمێر ٣:٠٠ هەتا ٦:٠٠ـی بەرەبەیاندا لە بەرەی سیرین لە باشووری کۆبانێ گرووپەکانی سەر بە دیمەشق دوو جار هێرشیان ئەنجامدا، هێزەکانمان بە ئازایانە وەڵامی ئەم هێرشانەیان دایەوە و هێرشەکانیان تێکشکاند، لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکەدا، چەندین ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ئامێری سەربازی لەناوچوون، هەروەها چەندین چەتەش کوژران".

لە دوو بەرەی دیکەشەوە هێرشی گروپە چەکدارەکان بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدە تێکشکێندراون "لە بەرەی ئەبوو ساراش، هێزەکان لە دژی کاروانێکی ئەم گرووپانە چالاکییەکی کاریگەریان ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا گرووپەکە پاشەکشەیان کرد". 

 سەبارەت بە بەرەکەی دیکە هەسەدە وتویەتی "لە ناوچەی گوندی خان مامادیش، هەوڵی پێشڕەوی دووژمن تێکشکێندرا، دووژمن چەندین گورزی قورسی بەرکەوت و ناچار بوو پاشەکشە بکات"

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە کە هێزەکانی هەسەدە و یەپەژە "ئامادەکارییەکانیان زیاد دەکەن و ئیرادەی خۆیان بۆ پاراستنی گەل و خاکەکەیان جارێکی دیکە نیشان دەدەن". 

هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە داهاتوودا بڵاو دەکەنەوە.




PM:01:58:20/01/2026