هەسەدە: بە هۆی بێباکی نێودەوڵەتیەوە ناچاربووین لە کەمپی هۆڵ بکشێینەوە


هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاندراوێكی بەپەلەی بڵاوکردەوە لە بارەی "کشاندنەوەی هێزەکانییان لە کەمپی هۆل" و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ "بێ هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".

سێ شەممە، ٢٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هەسەدە ڕایگەیاند " بەهۆی هەڵوێستی بێباکانەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە دۆسیەی رێکخراوی داعش و جێبەجێنەکردنی بەرپرسیارێتییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیە مەترسیدارەدا، هێزەکانمان ناچار بوون لە کەمپی هۆل بکشێنەوە و لە دەوروبەری شارەکانی باکووری سوریا دووبارە جێگیر ببنەوە، کە رووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەی روو لە زیادبوون دەبنەوە". 

کەمپی هۆل، یەکێکە لە گەورەترین کەمپەکانی جیهان، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری حەسەکە، ئەم کەمپە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و مرۆییەوە بە "بۆمبێکی چێنراو " ناو دەبرێت، دوای ساڵی ٢٠١٩ و شکستی کۆتایی داعش لە باغۆز، بوو بە شوێنی نیشتەجێبوونی هەزاران خێزانی چەکدارانی داعش، لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی  نزیکەی ٧٠ هەزار کەس بوە  لە ساڵی ٢٠١٩.




PM:04:35:20/01/2026