فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاندراوێکی بەپەلەی لە بارەی دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "کشاوینەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن و پاراستنیان هێڵی سوورە و لە بەرگریکردن لێیان درێغی ناکەین".
سێ شەممە ٢٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایگەیاند "حکومەتی سوریا بەردەوامە لە هێرشە چڕەکانی بۆ سەر شارەکانی حەسەکە و دەوروبەری و شاری کۆبانێ، هێرشەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار بۆ سەر بنکەکانی ڕاگرتنی چەکداران و خێزانەکانی داعش لە شەدادی و کەمپی هۆڵ زیادیان کردووە".
لە بارەی ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا فەرماندەی گشتی هەسەدە وتی "دیمەشق وەڵامی هیچ کام لە دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەستی نەداوەتەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیەندراون، داوا لە حکومەتی سووریا دەکەین هێرشەکان ڕابگرێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ".
مەزڵوم عەبدی داوایەک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات سەبارەت بە زیندانیانی داعش " کەمپی هۆڵ لە دوێنێ ئێوارەوە ڕووبەڕووی هێرشی توند و هەوڵی هەڵکوتانە سەر و کۆنترۆڵکردنی بە هێز دەبێتەوە، پاسەوانانی کەمپی هۆڵ ڕووبەڕووی هێرشی کاروانی سەربازی و زریپۆش و تانک بوونەتەوە و لەبەر ئەوە ناچار بوون بکشێنەوە، داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتییەکانی خۆی هەڵبگرێت لە پاراستنی بنکەکانی ڕاگرتنی چەکدارانی داعش".
"سڵاو دەکەین لە بەرخۆدانی خەڵک و شەڕڤانان لە هەموو ئەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانە و کوشتنی سیستماتیک دەبنەوە دژ بە کورد"، مەزڵوم عەبدی وا دەڵێت.
لە تەواوی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا و لە لوبنان خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا بەڕێوە دەچێت و ئەمڕۆ چەندین کاروان لە باشوری کوردستانەوە بەڕێکەوتوون بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و هەندێکیان گەیشتوونەتە ڕۆژئاوا.