بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما دەگاتە ١٣ پلە ژێر سفر


کەشناسێکی کورد پێشبینی دەکات کە شەپۆلێکی بەفربارین کۆتای هەفتە دەگاتە هەرێمی کوردستان و پلەکانی گەرما لە هەدێک ناوچە تا ١٣ پلە بۆ ژێر سفر دادەبەزن.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" سەرەتا ئەمشەو یەکێک ئەبێت لەهەرە شەوە ساردەکانی ئەم مانگە و پلەکانی گەرما لەسەنتەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ٤ تا ٥ پلە بۆ ژێر سفر و سەنتەری پارێزگای هەولێر و دهۆک و کەرکوک ٢ تا ٣ پلە بۆ ژێر سفر نزمدەبنەوە و لەناوچە شاخاویەکانیش ١٠ تا ١٣ پلە بۆ ژێر سفر و لە زۆربەی ناوچە و رێگاکان شەختە و بەستن ڕووئەدات پێویستە ئاگاداربن ".

ئاشکراشی کرد، سبەی چوارشەمە کەش جێگر دەبێت و ئاسمانی هەرێم ساماڵ ئەبێت و بەرزترین پلەی گەرمی بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٢ تا ٣  پلە بەرزدەبێتەوە و بەڵام پلەی گەرمی لەشەودا جێگیرەبێت و بەستن و بەستەڵەک بەردەوامەبێت ، بۆ رۆژی پێنجشەمە ئاسمانی هەرێم بەزۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و لەکاتەکانی شەودا پێشبینی ئەکرێت شەپۆلێکی بەفر بارین ڕووبکاتە ناوچەکە و سەرەتاش لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەستپێدەکات.

ئەو کەشناسە ئەوەشی خستەڕوو کە لەبەرەبەیانی رۆژی هەینیەوە  سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کە بەشێوەی بەفر بارینی مامناوەند ئەبێت و لەسەر سەرجەم ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و نەینەواو ئیدارەی راپەرین و سۆران و زاخۆ و باکوری ئیدارەی گەرمیان بەفر ئەبارێت و تا ئێوارەی رۆژی هەینی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانمان بەردەوامی ئەبێت .

رێژەی پێشبینیکراوی بەفر بارین لەماوەی رۆژی هەینی 

پارێزگای دهۆک و هەولێر و نەینەواو و ئیدارەی زاخۆ و سەرجەم ناوچەکانیان ٦-١٥ سم 

پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ١٠ -٢٠ سم و ناوچە شاخاویەکان ٢٠-٣٠ سم

ئیدارەی راپەرین و سۆران ١٥ -٢٠ سم

پارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی باکوری گەرمیان ١-٤ سم و ناوچەکانی باشور و ناوەراستی گەرمیان بارانبارین ئەبێت ١-٣ ملم

ئاراس جەبار وتیشی" دوابەدوای کاریگەری ئەم شەپۆلە بەفر بارینە لەرۆژی شەمەی هەفتەی داهاتوو کەش لەناوچەکانمان بۆ ماوەیەک جێگیر ئەبێتەوە و پلەکانی گەرماش لەئەنجامی تێپەرینی بارستە هەوایەکی گەرم لە باکوری ئەفریقاوە بەسەر ناوچەکەدا بەشێوەیەکی خێرا بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێتەوە و کاریگەری ئەو شەپۆلە سەرمای هەیە لەزۆربەی ناوچەکان کۆتای پێدێت و بۆ رۆژانی دواتریش بەرزبوونەوەی زیاتر بەسەر پلەکانی گەرمادا دێت".



AM:12:05:21/01/2026