قوباد تاڵەبانی: ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پەیامێك ئاڕاستەی جیهان دەكات و پێیان دەڵێت: لێتان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن، بیرتان دەخەینەوە ئەمە یەكەمجار نییە پشتی نەیارانی كورد دەگرن و دواتریش بۆتان دەردەكەوێت زیانتان كردووە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم  لە پەیامەكەیدا بڵاویکردەوە کە «ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن، بەڵکو بیریان دەخەینەوە ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن و هەموو جارێکیش دوای ساڵانێک بۆیان دەرکەوتووە کە زیانیان کردووە. تەنها ئەوەندە بەسە بیریان بێت سەردەمێک پشتی رژێمی بەعسیان گرت لە دژی کورد. کورد ما و بەعس بە دنیایەک کارەسات و تاوانەوە رۆیشت.»

ئاماژەی بەوەشكردووە، بیری هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدانی جیهانی دەخەینەوە کە ئەمە تەنها هێرش نییە بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر و رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو هێرشە بۆ سەر شکۆ و کەرامەتی کورد لە هەموو جیهان، هێرشە بۆ سەر هێز و گەلێک، کە زیاتر لە 12 ساڵە لەبری هەموو دونیا، شەڕی تیرۆری کرد و گەلانی سووریای بەبێ جیاوازی و بەهەموو پێکهاتەکانییەوە پاراست.

ئاشکراشی  دەکات، ئێمە شانازی بەو هەستی هاوپەیوەندی و هاوسۆزییەی هەموو کوردەوە دەکەین و ئەمەش تەنها گەرەنتیی بوون و مانمانە.

جەختیشی كردۆتەوە، بە ئەرکی خۆمان دەزانین هەموو هەوڵێک بدەین بۆ یارمەتیدانی کوڕ و کچە ئازاکانمان لە رۆژئاوا و راگرتنی ئەو دۆخە دژوار و ئاڵۆزە و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و گەرەنتیکردنی مافەکانیان لەناو دەستووری هەمیشەیی.




AM:12:37:21/01/2026