دادگای باڵای فیدراڵی عێراق پێداچوونەوەی بە ناڕەزایەتیی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا کرد ولە دوای تانەکان ٤ بەربژێر گەڕانەوە بۆ کێبرکێ و ٢٤ی تریش دوورخستەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند" دادگای باڵای فیدراڵی، لە دوو دانیشتنی خۆیدا کە لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ بەڕێوەچوو، بڕیاری کۆتایی لەبارەی ٢٨ تانەی ئەو بەربژێرەوە داوە کە ناویان لە لیستی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا نەبوو.
دادگا لە بڕیارەکەیدا دوورخستنەوەی بیست و چوار کەسی قبوڵ کرد و بڕیاریدا کە (چوار کەس)یش بگەڕێنێتەوە ناو کێبڕکێکە. ئەوانیش بریتین لە خالید سدیق عەزیز محەمەد، ئازاد مەجید حەسەن، ڕافی عەبدوڵڵا حەمید موسا و سالم حەواس عەلی.
دادگەکە پەرلەمانی عێراقی پابەند کردووە بەوەی ناوی ئەو چوار کەسە بخاتە ناو لیستی کۆتایی ئەو بەربژێرانەی کە مەرجە یاساییەکانیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار تێدایە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگاکە، بڕیارەکان بە کۆی دەنگ دەرکراون و "کۆتایی و پابەندکەرن" و دانیشتنەکانیش بە شێوەی داخراو بەڕێوەچوون.