ئەردۆغان: هەسەدە هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجیکردنی رێککەوتنەکان نەناوە

سەرۆک کۆماری تورکیا، لە وتارێکدا لەبەردەم فراکسیۆنی پارتەکەیدا ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی هەمیشە داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی سوریا کردووە.''

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پابەندی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ساڵی ڕابردوو نەبوون، کە بڕیار بوو چەکەکانیان دابنێن و ناوچەکان ڕادەستی حکومەتی سوریا بکەنەوە. 

وتیشی'' هەسەدە نەک هەر هەنگاوی ئەرێنی نەناوە، بەڵکو بەردەوام بووە لە چەوساندنەوەی مەدەنییەکان و هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکان."

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا لە ڕوانگەیەکی مرۆڤ دۆستانەوە سەیری پرسی کورد دەکات و وتی" کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٨ سەرۆک وەزیران بووم، لە هەموو کۆبوونەوەکانمدا لەگەڵ ڕژێمی پێشوو، باسی نادادپەروەری بەرامبەر کوردەکانم دەکرد."

 جەختی کردەوە کە لە کاتێکدا کەس باسی مافی کوردی نەدەکرد، تورکیا داوای پێدانی ناسنامە و مافی قسەکردن بە زمانی دایکی بۆ کوردانی سوریا کردووە و ئەم بابەتە هەمیشە لە سەرووی کارنامەی دیدارەکانیاندا بووە.

سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند'' دوای ساڵی ٢٠١١ کوردانی سوریا کەوتنە نێوان چەوساندنەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و داعش و هێزە جوداخوازەکان، کە منداڵانی کوردیان بۆ شەڕ و مردن بەکارهێناوە.''

 هاوکات ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی نوێی سوریای کرد و دەڵێت'' ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا، بە فەرمانی فەرمی دانی بە مافی کورددا ناوە بۆ پاراستنی زمان و کولتوور و بەشداریکردن لە حکومەتدا، ئەمەش هەنگاوێکی مێژووییە بۆ بەشدارییەکی دادپەروەرانە."




PM:02:00:21/01/2026