لە ڕۆژئاوا ڕێکاری ئەمنی توند دەگیرێتەبەر

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ناوچەکانی بەڕێوەبەری خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شایەدی گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی توندن. 

بەپێی میدیاکانی ڕۆژئاوا، لە شاری حەسەکە، هێزە ئەمنییەکان بە هاوکاری هاووڵاتیان لە گەڕەکە جیاوازەکاندا بڵاوەیان پێکراوە، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆیی نراوە.
لە کاتێکدا شەڕڤانانی هەسەدە و یەپەژە لەسەر هێڵەکانی پێشەوەی جەنگ لە ئەرکەکانیان بەردەوامن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک.

سەرەڕای دۆخی نائاسایی، ژیانی ڕۆژانە لە ناو شاری حەسەکە بەردەوامی هەیە. نانەواخانەکان بە بێ پچڕان خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکەن و پێداویستییە سەرەکییەکان دابین دەکرێن. 

هاوکات، تیمە پزیشکییەکان و کەرتی تەندروستی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی کتوپڕ یان فریاگوزاری کە بێتە پێشەوە.

لە ڕووی مەیدانییەوە، گوندەواری شاری کۆبانێ بووەتە ئامانجی هێرشەکان. بەپێی ڕاپۆرتەکان، گوندی "حەمدون" لە باشووری کۆبانێ لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریاوە بە توندی تۆپباران کراوە. ئەم هێرشە زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژنێک بە ناوی (تالیڤان حەجی ئیبراهیم) و برینداربوونی ژنێکی دیکە بە ناوی (حەلوا محەمەد موسا).




PM:04:17:21/01/2026