نێردەی تایبەتی بەریتانیا بۆ کاروباری سووریا، ڕایگەیاند” ئێستا سووریا لە ساتێکی یەکلاکەرەوەدایە بۆ دیاریکردنی پاشەڕۆژی خۆی. هەرچەندە ڕێککەوتنی ئاگربەست هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام دۆخەکە هێشتا خراپی ماوەتەوە و پێویستە لەبری توندوتیژی، پەنا بۆ دیالۆگ و ئاشتی ببرێت.”
ئان سنۆ، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان پابەندی چەند خاڵێکی سەرەکی بن، لەوانە، ڕێزگرتن لە ئاگربەست، پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و ژێرخانی وڵاتەکە.
هەروەها دووپاتی کردەوە کە دەبێت ڕێگری لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان نەکرێت و لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بەردەوام بن.
ئان سنۆ ئاشکرای کرد کە هەفتەی ڕابردوو لە دیمەشق بووە و لەگەڵ حکومەتی سووریا کۆبووەتەوە. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی، بریتی بووە لە پرسی مافەکانی کۆمەڵگەی کورد و پێویستی بەشداریپێکردنی کارای کورد لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سووریادا، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە فەرمانڕەواییەکی باش.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، نێردەی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد کە بەدیهێنانی ئارامی لە سووریا بەستراوەتەوە بە "ڕێزگرتن لە ناسنامە جیاوازەکان" و پەیڕەوکردنی سیستمێکی "فەرمانڕەوایی گشتگیر".