هەسەدە ڕایگەیاند'' سەرەڕای ئەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانی.''
ئەم هێرشانە وەک پێشێلکارییەکی ڕوون و ئاشکرای بەندەکانی ڕێککەوتنەکە دادەنرێت، کە بڕیار بوو لە کاتژمێر ٨:٠٠ی شەوی ڕابردووەوە هەموو کردەوەیەکی سەربازی ڕابگیرێت.
دوای تێپەڕبوونی تەنها چەند خولەکێک بەسەر کاتی دیاریکراوی ئاگربەستدا، چەند هێرشێک ئەنجامدران:
•لە کاتژمێر ٨:١٠ی شەو: گروپەکانی دیمەشق بە تۆپخانەی قورس شارۆچکەی زرکانیان لە باکووری حەسەکە بۆردومان کرد و بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک بەردەوام بوو.
•لە کاتژمێر ٨:٢٠ی شەو: بە چەکی قورس هێرش کرایە سەر گوندی تەل بارود لەسەر ڕێگای "ئەبیەز - ئەبیەز" لە باشووری حەسەکە.
گرژییەکان بۆ ئەمڕۆش درێژەیان کێشا و چەندین ناوچەی دیکە کرانە ئامانج:
•لە کاتژمێر ١١:٣٠ی پێشنیوەڕۆ: هێرش کرایە سەر هێزەکانمان لە دەوروبەری شاری سرین، بەڵام هێرشەکە تێکشکێنرا.
•لە کاتژمێر ١١:٤٥ی پێشنیوەڕۆ: کاروانێکی سەربازی گروپەکانی دیمەشق هێرشیان کردە سەر گوندی باسل لە باشووری حەسەکە.
•لە کاتژمێر ٢:١٠ی پاشنیوەڕۆ: بۆ جارێکی دووەم هێرش کرایەوە سەر دەوروبەری شاری سرین لە باشووری کۆبانی و هێزەکانمان بەرپەرچیان دانەوە.
دیمەشق بە چەکی قورس گوندی حەمدونیان لە باشووری کۆبانی بۆردومان کرد و بەهۆیەوە ژنێک شەهید بوو.
هەسەدە دەڵێت'' ئێمە دووپاتی پابەندبوونی خۆمان بە ئاگربەست دەکەینەوە و داوا لە لایەنە دەستەبەرەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن و چاودێری ئەم پێشێلکارییانە بکەن بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان.''