پسپۆرێکی کەشناسی پێشبینی دەکات ئەمشەو بەفربارین لە چەندان ناوچەی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و زۆربەی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە بە سەنتەری شارەکانیشەوە.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی رۆژی٢٢ ی کانوونی دووەم لە نوێترین راگەیاندنیدا دەڵێت " لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و هاتنی هەوایەکی شێداری مەداری ئەمڕۆ لەکاتەکانی شەودا شەپۆلێکی چری بەفر بارین لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات".
لە بارەی ئەو شوێنانەی دەیگرێتەوە، ئاراز جەبار دەڵێت " سەرەتا ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەگرێتەوە و پاشان سنوری پارێزگای دهۆک و نەینەواو دەگرێتەوە، دواتر لە بەیانی سبەی رۆژی هەینیەوە ٢٣ ی کانوونی دووەم شەپۆلەکە بۆ سنوری پارێزگای هەولێر و کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و سۆران درێژ ئەبێتەوە و بەفر بارین بەچری سەنتەری شارەکانیش ئەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٥ تا ٦ پلە نزمدەبنەوە".
لەبارەی خێرای باوە ئایا با لەگەڵ ئەم بەفرەدا خێراییەکەی چەند دەبێت" بای رۆژهەڵات و باکوری رۆژهەڵاتیش مامناوەند چالاک ئەبێت بەخێرای ١٠- ٢٥کم/ک ، چرترین ماوەی دابارینی بەفر لەنێوان کاتەکانی بەیانی بۆ نیوەرۆ ئەبێت دواتر لەکاتەکانی دوای نیوەرۆدا پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە".
" بەهۆی کاریگەری بارستە هەوایەکی گەرم لەسەرناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەراستی عێراق و ئەگەر هەیە لەسەنتەری شارەکانی هەولێر و کەرکوک و هەڵەبجە بەفر بارینەکە ببێتەوە بەباران، بەڵام لەناوچەکانی دیکەدا تا کۆتای ئەم شەپۆلە بەفر بارین بەردەوام ئەبێت و بەگشتی کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەرناوچەکانمان سبەی کاتی ئێوارە لاواز ئەبێت و لەشەودا کۆتای پێدێت" .( ئەو کەشناسە وا دەڵێت).
لە بارەی رێژەی پێشبینیکراوی بەفر بارین لەدواین گۆڕانکاریەکان بەمشێوەیە دەبێت:
سەنتەری شاری زاخۆ و دهۆک و سلێمانی ١٠-١٥ سم،
سەنتەری شاری هەڵەبجە و هەولێر ٥-١٠ سم،
سەنتەری شاری کەرکوک و باکوری گەرمیان ٢-٥ سم،
سنوری ئیدارەی راپەرین و سۆران ١٥-٢٠ سم ، بەگشتی لەناوچە شاخاویەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم رێژەی دابارینی بەفر زیاتر ئەبێت.