جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ١٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ بە بانگهێشتی فەرمی سەردانی ئەمریکای کردوە، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆبووەوە، تێیدا جەخت لە پتەوکردنی هەماهەنگییە دووقۆڵییەکان کرایەوە، هۆشداریدا بە بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوا.
لە یەکەم کۆبوونەوەکانی، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا، کۆبووەوە، تیشکیان خستە سەر مەترسییەکانی داعش لە عێراق و سووریا و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەیان، لەپێناو بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
لای خۆیەوە جۆ ویڵسن، پشتیوانیی ئەمەریکای بۆ کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دووپات کردەوە.
هاوکات، شێخ جەعفەر، لەگەڵ برایان ماست، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبووەوە هەردوولا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەروەها پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە و مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، تاوتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامبوونی یارمەتییەکان و هاریکاری هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی.
شێخ جەعفەر لەگەڵ جیم هایمس، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا، کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای خستنەڕووی پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییهكانی نێوان ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا ـ هەولێر، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لە درێژەی کۆبوونەوەکانی، ئەندرۆ دۆنیکا، یاریدەدەری سکرتێری کاروبارەکانی عێراق بە وەکالەت، لە نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمەریکا، کۆبووەوە، جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا، کردەوە.
هاوکات، شێخ جەعفەر لەگەڵ ئێریک تراگەر، توێژەر و ڕاوێژکاری سیاسیی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدان و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش کردەوە، سەبارەت بە ئاڵۆزی و پەرەسەندنە سەربازییەکانیش لە سووریا، وێڕای هەڵسەنگاندنی لێکەوتەی ڕووداوەکان، مەترسییەکانی تیرۆر و داعش ـیان لە ناوچەکەدا تاوتوێ کرد و گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکانیان، دووپات کردەوە.