بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرز و گرنگ لە نێوان تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەکان، تەوەرەی سەرەکیی ئەم دیدارە بە پەلەیە تەرخان دەکرێت بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە خێرا و ئاڵۆزەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت ئەو گۆڕانکارییە سەربازیی و سیاسییانەی کە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هاتوونەتە ئاراوە.
چاوەڕوان دەکرێت لەم دیدارەدا شێوازی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان واشنتۆن و هەسەدە و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە نوێیەکانی سەر گۆڕەپانی سووریا یەکلایی بکرێنەوە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا وردەکاری زیاتری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە فەرمی رانەگەیێندراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامەکانی ئەم دیدارە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ئاراستەی رووداوەکانی داهاتوو لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت.