هەسەدە: دیمەشق سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست بەردەوامە لە هێرشەکانی

هێزکانی سوریای دیموکرات ئێوارەی پێنجشەممە ٢٢ی کانونی دووەم بڵاویکردەوە کە" دیمەشق سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی کۆبانێ و زیندانی ئەقتاین لە ڕەققە".

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە" هەروەها تەواوی گوندەوارەکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاوای کۆبانێ بەر شاڵاوێکی تۆپباران کەوتوون و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تۆپبارانەکە بەردەوامە."

دەقی راگەیەنراوەکەدا:

دیمەشق سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست بەردەوامە لە هێرشەکانی

سەرەڕای کارابوونی ڕێککەوتنی ئاگربەست، گروپەکانی سەر بە دیمەشق بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی کۆبانێ و زیندانی ئەقتاین لە ڕەققە.

هاوکات لەگەڵ تۆپبارانکردنی زیندانی ئەقتاین کە چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی تێدایە، ئەو گروپانە دەوروبەری شارۆچکەی "سەرین"یان کردە ئامانج و بە چەکی قورس و تۆپخانە هێرشیان کردە سەر گوندی "خرووس" لە باشووری کۆبانێ.

 هەروەها تەواوی گوندەوارەکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاوای کۆبانێ بەر شاڵاوێکی تۆپباران کەوتوون و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تۆپبارانەکە بەردەوامە.

ئەم بەیاننامەیە هاوپێچ دەکەین بە چەند گرتە ڤیدیۆییەک کە لەلایەن پەیج و ناسنامە میدیاییەکانی ئەو گروپانەوە بڵاوکراونەتەوە، کە تێیدا تۆپبارانکردنی ناوچەکانی باشووری کۆبانێ بەڵگە دەکەن.

ئەمە بە پێشێلکردنی ئاگربەست بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک دادەنرێت؛ بەو پێیەی دوێنێش ٢٢ پێشێلکاری لەلایەن ئەو گروپانەوە ئەنجامدراون کە ناوچەکانی کۆبانێ، حەسەکە و زیندانی ئەقتاینی گرتووەتەوە.

جگە لە هێرشە سەربازییەکان، دیمەشق بەردەوامە لە سیاسەتی سزادانی بەکۆمەڵ لە ڕێگەی بڕینی ئاو و کارەبا لە شاری کۆبانێ و ڕێگریکردن لە ناردنی سووتەمەنی لەم بارودۆخە سەختەی زستاندا. لە هەمان کاتدا، بەردەوامە لە بڕینی ئاوی زیندانی ئەقتاین لە ڕەققە، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی زیندانییەکان و هۆشدارییە لە لێکەوتە مرۆییە مەترسیدارەکان.

ئێمە دیمەشق بە تەواوی بەرپرسیار دەکەین لەم پێشێلکارییە بەردەوامانە، و جەخت دەکەینەوە کە بەردەوامبوونی بەئامانجگرتنی ناوچە ئاوەدانەکان و دامەزراوە هەستیارەکان، لەوانەش شوێنی ڕاگرتنی چەکدارانی داعش، هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری. هەروەها داوا لە لایەنە دەستەبەرەکان دەکەین کە ڕێکاری دەستبەجێ و کاریگەر بگرنە بەر بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە و دەستەبەرکردنی پابەندبوونی تەواو بە ڕێککەوتنی ئاگربەست.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)
٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ 




PM:05:19:22/01/2026