ئەنجومەنی سەرتاسەری هاوڵاتیانی باشوور دوای سەردانەکەیان بۆ رۆژئاوای کوردستان راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، لە بارەی دۆخی ئێستای ڕۆژئاواو و ئەو کارانەی کە پێویستە ئەنجام بدرێت و دەڵێن "گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمە و مەترسی کۆمەڵکوژی و قڕکردنێکی گەورەداییە".
پێنج شەممە، ٢٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ئەنجومەنی سەرتاسەری هاوڵاتیانی باشوور ڕایگەیاند "لەدوای ئەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی باشوور بە نوێنەرایەتی کوردان و دۆستانی دۆزەکەمان، سەردانی ڕۆژئاوایی کوردستانمان کرد و دیدار و کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسان و شەڕڤانان و خوشک و براکانمان ئەنجامدا، وەک شایەتحاڵێک بە پێویستی دەزانین هەموو لایەک لەوە ئاگادار بکەیینەوە، کە گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمە و مەترسی کۆمەڵکوژی و قڕکردنێکی گەورەداییە و پێویستە هەمووان ئەم مەترسییە بە هەند وەربگرین".
لە بارەی ئیرادە و ئامدەکارییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجومەتەکە وتویەتی "گەل و شەڕڤانان بە باوەڕەوە لەسەر پێن و بەرگرییەکی بێوێنە دەکەن، ئەم هێز و ئیرادەیەش لە یەکگرتنی سەرتاسەری کوردەوە لەسەر ئاستی جیهان، سەرچاوەی گرتووە. هەوڵ و چالاکییە جۆراو جۆرەکانی کۆی هاوڵاتیان دیوێکی تری خەباتی شەڕڤانانەیە".
"خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا، سڵاوێکی گەرم و پێزانینێکی زۆرییان بۆ پشتیوانی و هەڵوێستی ئازایانەی خەڵکی کوردستان و ڕەوەندی کوردی هەبوو، بێگومان چاوەڕوانی زیاتریان هەیە"، ئەنجومەنی سەرتاسەری هاوڵاتیانی باشوور وا دەڵێت.
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا چەند داواکاریەک خراوەتە ڕوو لەوانە:
یەکەم: پارتە سیاسیەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، لە ئاستی هەرێم و عێراق و کۆمەڵگەیی نێودەوڵەتی، هەموو هەوڵەکانتان لەئاستی سیاسی و دبلۆماسی بخەنەگەڕ، بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و دەستبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان لەچوارچێوەی دەستوردا.
دووەم: وێڕایی سوپاسی دامەزراوەکانی هەرێم، پێویست دەکات لە سنوری سمێلکاوە کارئاسانی زیاتر بکرێت، بۆ گەیاندنی هەموو جۆرە هاوکارییەک و هاتوچۆی هاوڵاتیان، بۆ ڕۆژئاوایی کوردستان، هەروەها جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە ۲٤ی ساڵی ۲٠۱٤ ، پەرلەمانی کوردستان.
سێیەم: بەردەوامیدان بە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا هەن، هەروەها فراوانکردنی چالاکییە مێدیایی و سیاسی و دبلۆماسییەکانی تر.
چوارەم: داوا لە بەڕێزان مامۆستایانی ئایینی دەکەین بەردەوامبن لە پشتیوانی چالاکییەکان ە پێدانی زانیاری و ڕوونکردنەوەی ڕاستینەی پەیامی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بە هاووڵاتیان، بۆ ئەوەی چیتر دوژمنان و بریکارەکانیان، نەتوانن دەقەکانی قورئان و فەرموودە بەکاربهێنن، بۆ مەبەستی قڕکردن و لاوازکردنی گەلەکەمان و پەرتەوازەکردن و داگیرکردنی نیشتیمانەکەمان. لە کۆتاییدا، سەرکەوتن بۆ دۆزی ڕەوایی گەلەکەمانە.