کامەران عوسمان: حکومەتی سووریا و سوپای تورکیا ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ڕۆژاوا دەکەنە ئامانج

کامەران عوسمان کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی رێكخراوی (CPT)ـی ئەمەریكی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە " حکومەتی سووریا و سوپای تورکیا ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ڕۆژاوا دەکەنە ئامانج".

لە راگەیەنروەکەدا هاتووە" لە ٨ی کانوونی دووەمدا، سێ ئەندامی هەیڤا سۆرا کوردی لە حەلەب لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریاوە دەستگیرکران، لە کاتێکدا سەرقاڵی پێشکەشکردنی هاوکاریی پزیشکی بوون بە بریندارە مەدەنییەکان. ئەو ئەندامانە لێیان دراوە، ئەشکەنجە دراون و دەستبەسەر کراون."

دەق راگەیەنراوەکە: 

حکومەتی سووریا و سوپای تورکیا ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ڕۆژاوا دەکەنە ئامانج.

‎دوێنێ پاشنیوەڕۆ، تیمی (کوردستانی عێراق- سی پی تی) لەگەڵ هەدیە عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری هەیڤا سۆرا کوردی کۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هێرشی ئەم دواییەی درۆنەکان بۆ سەر بارەگای سەرەکیی هەیڤا سۆر و ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی بەرامبەر کارمەندەکانیان دەکرێت.
‎لە ٨ی کانوونی دووەمدا، سێ ئەندامی هەیڤا سۆرا کوردی لە حەلەب لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریاوە دەستگیرکران، لە کاتێکدا سەرقاڵی پێشکەشکردنی هاوکاریی پزیشکی بوون بە بریندارە مەدەنییەکان. ئەو ئەندامانە لێیان دراوە، ئەشکەنجە دراون و دەستبەسەر کراون.
‎ئەندامێکی تری هەیڤا سورا کوردی بە ناوی تاهیر ڕاکان تاهیر، کاتێک لە حەلەب لە ئەرکدا بوو بۆ گواستنەوەی خەڵک، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریاوە تەقەی لێکرا، بریندار کرا و ڕفێندرا. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئەو میلیشیایانەی کە ڕفاندبوویان پەیوەندییان بە خێزانەکەیەوە کردووە و داوای (٥٠،٠٠٠) دۆلاریان کردووە لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی کوڕەکەیان، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکەن کە ئایا لە ژیاندا ماوە یان نا.

‎لە ٢١ی کانوونی دووەم، کاتژمێر ١٢:٠٩ی بەیانی، هێزە چەکدارەکانی تورکیا هێرشێکی درۆنی خۆکوژییان کردە سەر بارەگای سەرەکیی هەیڤا سۆرا کوردی. ئەم هێرشە دوای ئەوە هات کە هاوڵاتیانی کوردی شارۆچکەی نوسەیبین لە ناوچە کوردییەکانی تورکیا، سنووریان بڕی و چوونە قامیشلۆ بۆ پشتگیریکردنی خزمەکانیان. هێزەکانی تورکیا گازی فرمێسکڕێژیان بۆ ڕێگریکردن لێیان بەکارهێنا. لەو کاتەدا (١٢) بریندار لە ناو ئۆفیسی هەیڤا سۆرا کوردیدا چارەسەری پزیشکییان وەردەگرت و لەسەر جێگا بوون، کەچی تەنها چەند کاتژمێرێک دواتر باڵەخانەکە کرایە ئامانج.

‎جگە لەمانە، (١٦) ئۆفیسی هەیڤا سۆرا کوردی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریا و گروپە میلیشیا نەناسراوەکانەوە هەڵیانکوتراوەتە سەر. تەواوی ئامێرەکان دزراون و شەش ئەمبوڵانسی هەیڤا سۆرا کوردیش دەستیان بەسەردا گیراوە.

‎هەیڤا سۆرا کوردی تەنها ڕێکخراو نییە کە لەم گرژییانەی دواییەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا کراوەتە ئامانج؛ لانی کەم حەوت ڕێکخراوی ناوخۆیی تریش هێرشیان کراوەتە سەر. تیمی (کوردستانی عێراق- سی پی تی) لە ڕێگەی ئامادەیی مەیدانیی خۆیەوە بەردەوامە لە چاودێریکردن و دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژاوا.




PM:12:47:23/01/2026