مەسعود بارزانی: کار بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین

مەسعود بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا رایگەیاند'' لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێی دۆخی کوردستانیان کردووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەڵێنی پاڵپشتیی تەواویان داوە و جەختیان لەسەر پاراستنی گەلی کورد کردووەتەوە، بە تایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەی کە ڕووبەڕووی ڕۆژئاوای کوردستان بووەتەوە.''

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق،  بارزانی ئاشکرای کرد. پەیامێکی روونی ئاراستەی ئەحمەد شەڕع کردووە. لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە کێشە سیاسییەکان دەبێت لە ڕێگەی دیالۆگ و رێکاری سیاسییەوە چارەسەر بکرێن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە دەستدرێژی بکرێتە سەر ماف و شکۆی کورد لە سووریا.

وتیشی'' بەشێک لە ئاڵۆزییەکان پەیوەندی بەو پێکهاتە عەرەبانەوە هەیە کە پێشتر لەناو هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون.''

هەروەها ئاشکرای کرد کە پێشتر مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی پێویستە بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ناوچە عەرەبنشینەکان بکات، چونکە پشتگوێخستنی ئەو لایەنە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی گەورە لە داهاتوودا.


سەبارەت بە گەمارۆدانی شاری کۆبانێ، بارزانی نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند'' کۆبانێ شوێنێکی پیرۆزی کوردستانە و نابێت رێگە بدرێت دەستی بۆ ببرێت.''

دوپاتی کردەوە کە "هەموو هەوڵێکی خۆمان خستووەتەگەڕ" بۆ پاراستنی شارەکە، و ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر دەرفەت و بارودۆخی جوگرافی وەک جاران (شەڕی داعش) گونجاو بووایە، دوودڵی نەدەکرد لە ناردنی هێزی سەربازی بۆ بەرگریکردن لەو شارە.




PM:02:08:23/01/2026