مەزڵوم عەبدی: هەڵوێستی گەلی هەرێمی کوردستان جێگەی رێز و پێزانینی بێپایانە

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند'' لە چوارچێوەی هەوڵە سیاسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو لەگەڵ حکومەتی سووریا، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و نزیککردنەوەی دیدگای لایەنەکان.''

لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ هەینی ٢٣ی کانونی دووەم بڵاویکردەوە، مەزڵوم عەبدی پێزانینی قووڵی خۆی و گەلی رۆژئاوای بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەربڕی.

 ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن لە پشتگیریکردنی دۆزی رەوای کورد و پاراستنی دەستکەوتەکان.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەوڵە سیاسییانە بە هەماهەنگی لەگەڵ نێوەندگیری ئەمریکی بەڕێوەدەچن. ئامانج لێی راگرتنی شەڕ، گەڕانەوە بۆ مێزی دیالۆگ و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامانەیە کە پێشتر واژۆ کراون، بە جۆرێک کە پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ حکومەتی سووریا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو و دادپەروەرانە مسۆگەر بکات.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی سوپاسی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و مرۆییەی بەرامبەر بە رۆژئاوای کوردستان هەیانبووە. ڕایگەیاند'' هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بە سەرکردایەتی و گەلەکەیەوە، لای گەلی ئێمە جێگەی رێز و پێزانینی بێپایانە'' 




PM:03:57:23/01/2026