وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند'' هەرچەندە جوگرافیا کوردی دابەش کردووە، بەڵام کورد لە دڵەوە یەکپارچەیە و سنوور لە فەرهەنگی تاکی کورددا نییە.''
ئایشەگول دۆغان، جەختیشی کردەوە کە کورد چیتر بێ ناسنامەیی قبووڵ ناکات و پێویستە مافە ڕەواکانی دان پێدا بنرێت.
وتیشی'' دەستکەوتەکانی گەلی کورد و زمان و ناسنامەکەی، هەڕەشە نین بۆ سەر هیچ لایەنێک.''
داوای کرد دۆستایەتی نێوان کورد و تورک پەرەی پێ بدرێت بۆ گەیشتن بە "برایەتییەکی ڕاستەقینە" و قبووڵکردنی مافەکانی کورد وەک بنەمایەک بۆ ئەو پێکەوەژیانە.
دۆغان جەختی لە پێویستی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و سووریا کردەوە. ڕایگەیاند'' پارتەکەیان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامە لە هەوڵەکانی و لە ڕۆژانی داهاتوودا زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ئەنجام دەدەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئاشتییانە.''