بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پەیامێکی گرنگی ئاراستەی گەلی کورد لە ناوخۆی نیشتمان و تاراوگە کرد.
ئیلهام ئەحمەد، ستایشی ئەو هەڵوێستە نەتەوەییانەی کرد کە لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ پاراستنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری نیشانیان داوە.
لە پەیامەکەیدا کە ڕۆژی هەینی، ٢٣ی کانوونی دووەم بڵاوکراوەتەوە، هاتووە'' دەنگ و پشتیوانییە بەردەوامەکانی کوردانی جیهان تەنها دەربڕینی هەست نییە، بەڵکو بووەتە هێڵێکی بەرگریی ڕاستەقینە.''
ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەم وەستانە بەرپرسانەیە پارێزگاری لە کەرامەتی گەل و دەستکەوتەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر و هێزە بەرگریکارەکانی دەکات، جەختی لەوە کردەوە کە جووڵە سیاسی و میدیاییەکانی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەبووە لە گەیاندنی دەنگی مافخوازی گەلەکەمان.
ئیلهام ئەحمەد، ڕایگەیاند'' ئەم چالاکییانە زامنی پاراستنی مافی ژیانن لەناو کەشێکی پڕ لە ئازادی و ئاسایشدا و ڕێگرن لە تێپەڕبوونی پیلانەکان دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان.''
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئیلهام ئەحمەد داوای لە تەواوی گەلی کورد کرد کە لەسەر ئەم هەڵوێستە نەتەوەییانەیان بەردەوام بن. جەختی کردەوە کە یەکگرتوویی و دەنگە ناڕەزایەتییەکان کلیلی سەرەکین بۆ کۆتایهێنان بە مەترسییەکانی جینۆساید و ڕێگریکردن لەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕووی بوونی گەلی کورد دەبنەوە لە ناوچەکەدا.