شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات ئەمشەو شەپۆلی بەفربارین کۆتایی دێت، بەڵام شەختە لە سبەیەوە شەممە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە.
ئاراز جەبار پسپۆری بواری کەشناسی ئەمشەو هەینی لە پۆستێکدا دەڵێت" شەپۆلی بەفر بارین لەسەر ناوچەکە کۆتای پێهات و ئەمشەو بۆ بەرەبەیانی سبەی شەمە بەهۆی ئەو بەفرەی باریوە پلەکانی گەرما لەبەشێک ناوچە و سەنتەری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاویەکان بۆ ژێر سفر نزمدەبنەوە شەختە و بەستەڵەک دروستەبێتەوە، بەڵام هاوشێوەی شەوانی رابردوو سەرماکە بەهێز نابێت".
ئەو شارەزایە ئەو زانیاریانە بەرپەچدەداتەوە کە سەرماکە توندتردەبێت و دەڵێت" دەنگۆی هاتنی وشکە سەرمای توند بۆ ناوچەکە لە رۆژانی داهاتوودا دوورە لەراستیەوە بە پێچەوانەوە لەسبەی بەدواوە تا رۆژی چوارشەمە کەشی هەرێمی کوردستان جیاواز لە رۆژانی ڕابردوو گۆڕانکاری بەسەردا دێت بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی گەرمی باکوری ئەفریقا بۆ سەرناوچەکانمان و دوورکەوتنەوەی نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکور پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە".
دەربارەی ئەو شوێنانەی کە پلەی گەرمایان بەرزدەبێتەوە، ئاراز جەبار ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەم بەرزبوونەوەیە لەپلەکانی گەرما لەناوچەکانی گەرمیان و هەولێر و کەرکوک و زیاتر ئەبێت و تا بەرەو ناوچە شاخاویەکان برۆین کاریگەریەکانی کەمتر ئەبێت".
هەروەها دەشڵێت" سبەی شەمە لەکاتەکانی ئێوارە بۆ شەودا لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور حاڵەتێکی ناجێگیری کەش بۆ ماوەیەکی کورت خایان کە خۆی لە تاوە باران و هەورە بروسکە ئەبینێتەوە ناوچەکانی ناوەراست و باشوری عێراق و باشور و باشوری رۆژئاوای ئێران دەگرێتەوە و پێشبینی بارانی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی لێدەکرێت لەهەندێ شوێندا و ئەو حاڵەتە کاریگەری لەسەرناوچەکانی هەرێمی کوردستان نابێت و تا رۆژی چوارشەمە کەشی ناوچەکانمان سەقامگیر ئەبێت" .
لە دوای چوار شەممەوە، ئاراز جەبار پێشبینی دەکات، حاڵەتێکی دیکەی ناجێگیری کەش بۆ ماوەیەکی کورت خایان لەدەریای سوورەوە بگاتەوە سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بارانبارین دەستپێبکاتەوە کە زیاتر بەشێوەی تاوە باران ئەبێت لەگەڵ چالاکبوونی هەورە بروسکە و بەفریش لەناوچە شاخاویە بەرزەکاندا ئەبارێتەوە، بەگشتی لە ١٠ رۆژی سەرەتای مانگی شوباتی داهاتوودا پێشبینی ئەکرێت نزمەپاڵەپەستۆکانی دەریای سوور و ناوەراست چالاکبن بەرەو ڕووی ناوچەکانمان و ئەگەری هاتنی چەند شەپۆلێکی مامناوەند بۆ بەهێزی بارانبارین ئەبێت".