گەمارۆی تووندی سەر کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و هاوسەرۆکی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، بەهۆی گەمارۆ و سەرماوە "چوار منداڵ گیانیان لەدەستداوە."
رۆژی شەممە ٢٤ی کانونی دووەم هەدیە عەبدوڵا، هاوسەرۆكی ڕێكخراوی مانگی سووری كوردیی ڕایگەیاند" بەهۆی بەفربارین و سەرمای زۆرەوە چوار منداڵ لە كۆبانێ ڕەقبوونەوە و گیانیان لەدەستدا".
ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی شەڕی ناوچەكەوە خەڵكیكی زۆر ئاوارەبوون و ڕوویان لە كۆبانێ كردووە كە ئێستا بێجێ و بێڕێن و شارەكە بەدەست گەمارۆیەكی قورسەوە دەناڵێنێت كە ژیانكردن تیایدا ئەوپەڕی دژوارە و خەڵك لە پێدوایستییە سەرەتاییەكان بێبەشە.
هاوسەرۆکی ڕێكخراوەكە وتیشی" گەمارۆدانی سەختی شارەكە هۆكار بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكانی پەیوەست بە پاكوخاوێنی ژینگە، ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی تەندروستی گشتی دەبێت و لە ئێستاشدا كەرتی تەندروستی و مرۆیی لە كۆبانی مەترسیی تەواوی لەسەرە و وا بڕوات كارەسات دەقەومێت".