ئیلهام ئەحمەد: جێگیرکردنی ئاگربەست بەردی بناغەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٨ی کانونی دووەمە

ئیلهام ئەحمەد وێڕای جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی هەوڵە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، جەختی لەوە کردەوە کە دامەزراندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٨ی کانونی دووەم و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەلامەتی خەڵکی ئاوارە و پاراستنی ژیانی خەڵکی مەدەنی.

رۆژی شەممە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی ڕایگەیاند" دامەزراندنی ئاگربەست و ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردێکی بناغەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٨ی کانونی دووەم، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئاوارەبوونی بەربڵاوی ئەم دواییەی چەند گوند و شارۆچکەیەک و پێشبینی گەڕانەوەی سەلامەتی دانیشتوان".

ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی سەختی بارودۆخی زستانەوە، ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی بە توندی کاریگەری لەسەر بووە و پڕۆسەی خوێندنیش وەستاوە. بەڵام جەختی لە درێژەی هەوڵ و کار و دەستپێشخەرییەکان کردەوە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ و ئەو هەوڵە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەی بەرز نرخاند کە لەوبارەیەوە دراون.

ئەم قسانە لە کاتێکدایە، مۆڵەتی ئاگربەستە چوار رۆژییەکە ئەمڕۆ شەممە کۆتایی دێت، و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە چڕی بەردەوامن بۆئەوەی رێگری لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ بکرێت.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ١٣٤,هەزار کەس لە رۆژانی رابردوودا ئاوارە بوون، کە زۆربەیان دانیشتووی حەلەب، رەققە و دێرەزوور بوون و بەرەو حەسەکە و کۆبانی هەڵاتوون.

شاری کۆبانی ئێستا لە ژێر گەمارۆیەکی تووندی سوپای عەرەبیی سووریادایە. لە ٩ رۆژی رابردوودا هەموو رێگەکانی گەیشتنی سووتەمەنی و ئاو و نان بۆ ناو شارەکە بڕاون. کارەبا و ئینتەرنێت نەماوە و نانەواخانەکان لە کار وەستاون. ئەم دۆخە وایکردووە، جێگیرکردنی ئاگربەست ببێتە تاکە هیوای خەڵک بۆ ئەوەی رێڕەوێکی مرۆیی بکرێتەوە و هاوکارییان پێ بگات.




AM:11:21:24/01/2026