عەبدولکەریم عومەر کە ئێستا نوێنەری رۆژئاوای کوردستانە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و پێشتریش سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بوو، لە جێگای ئیلهام ئەحمەد، لە نووسینێکدا بە ناونیشانی( ڕۆژئاوا لە نێوان پیلانەکانی دەرەوە و بەرپرسیارێتیی ناوخۆدا) کە لە لاپەڕەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە، رەخنە لە بەرپرسانی رۆژئاوا دەگرێت و دەڵێت" ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەشێکی گەورەی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین. ئەرکی سەرشانمانە داوای لێبوردن لە گەلەکەمان بکەین، بەرپرسیارێتیی ئەوەی ڕوو دەدات لە ئەستۆ بگرین و بە ئازایانە بە هەڵەکانی خۆماندا بچینەوە.".
دەشڵێت" دەبێت بگەڕێینەوە باوەشی جەماوەری خۆمان، ئاشتیی ناوخۆیی لە ناوچەکانمان بپارێزین و پەیوەندییە کوردی–کوردییەکان پەرە پێ بدەین.".
دەقی نوسینەکەی:
ڕۆژئاوا لە نێوان پیلانەکانی دەرەوە و بەرپرسیارێتیی ناوخۆدا..
وادیارە مێژوو بۆ گەلی کوردمان خۆی دووبارە دەکاتەوە، جارێکی دیکە باجی لێکتێگەیشتنی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەدەین کە دوور لە ویستی ئێمە ئەنجام دەدرێن. ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا ڕوو دەدات، ئەنجامی ڕاستەوخۆی کۆبوونەوەی پاریسە لە نێوان دەسەڵاتی ئینتیقالی و ئیسرائیل، بە چاودێریی ئەمریکا و بە بەشداریی ناڕاستەوخۆ و سەرەکیی تورکیا.
بەاڵم ڕاستی ئەوە دەخوازێت کە دان بەوەدا بنێین؛ ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەشێکی گەورەی بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین. ئەرکی سەرشانمانە داوای لێبوردن لە گەلەکەمان بکەین، بەرپرسیارێتیی ئەوەی ڕوو دەدات لە ئەستۆ بگرین و بە ئازایانە بە هەڵەکانی خۆماندا بچینەوە.
ئەمڕۆ ئەولەویەت پاراستنی گەلەکەمانە لە مەترسیی جینۆسایدێکی نوێ، و پاراستنی ئەوەی دەتوانرێت بپارێزرێت لەو دەستکەوتانەی بە قوربانیدانی گەورە و خوێنی شەهیدانمان بەدەست هاتوون. دەبێت بگەڕێینەوە باوەشی جەماوەری خۆمان، ئاشتیی ناوخۆیی لە ناوچەکانمان بپارێزین و پەیوەندییە کوردی–کوردییەکان پەرە پێ بدەین. کۆنفرانسی ٢٦ وێستگەیەکی مێژوویی گرنگ بوو، دەبێت لەسەر ئەو بونیادە بنێین و پەرەی پێ بدەین، هەروەها هاوخەمیی زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کورد لە کوردستان و دەرەوەی وڵات هێزێکە کە دەبێت پشتی پێ ببەستین.
ڕەنگە گەڕێکمان دۆڕاندبێت، بەڵام دەستکەوتی مێژووییمان بەدەست هێناوە. ئەمە بە کۆتایی ڕێگا دانانێین، بەڵکو سەرەتایەکە بۆ خەباتێکی سیاسی و دیموکراتی بە ئامراز و دیدێکی واقیعبینانەتر.
بێئومێد نابین، تەسلیم نابین، و بە ئیرادە و یەکێتیی گەلەکەمان ڕێگاکە تەواو دەکەین.