ڕێکخراوی مانگی سووری کورد ڕایگەیاند،'' بەهۆی ئەو گەمارۆ توندەی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە خراوەتە سەر شاری کۆبانێ، تا ئێستا پێنج منداڵ کە یەکێکیان ساوایە گیانیان لەدەستداوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم گیانلەدەستدانە بۆ دابەزینی پلەکانی گەرما و نەبوونی سووتەمەنی و پێداویستییە پزیشکییەکان دەگەڕێتەوە.''
ڕێکخراوەکە، ئاشکرای کرد کە نەخۆشخانەکانی کۆبانێ بەدەست نەبوونی کارەبا و ئاو و خۆراکەوە دەناڵێنن. شارەکە بە تەواوی لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە و سەرجەم ڕێگاکانی گەیشتنی هاوکارییەکان بەهۆی گەمارۆی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق داخراون.
مانگی سووری کورد هۆشدارییەکی توند دەدات کە بەردەوامیی ئەم دۆخە مەترسیی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی منداڵان، نەخۆشان و بەساڵاچووان دروست دەکات.
ڕێکخراوەکە جەخت دەکاتەوە کە شارەکە لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندایە ئەگەر بە زووترین کات سووتەمەنی و کەرەستەی فریاگوزاریی پزیشکیی پێنەگات.
مانگی سووری کورد داوایەکی بەپەله ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکات بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر لایەنە شەڕکەرەکان تا ڕێڕەوێکی مرۆیی پارێزراو بکەنەوە. داوا دەکرێت بەبێ هیچ دواکەوتنێک کار بۆ شکاندنی گەمارۆکە بکرێت پێش ئەوەی ژمارەی قوربانییەکان زیاتر بێت.