حکومەتی هەرێم: ٢٩٩ گەنج لە لیبیا گەڕاونەتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵای هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا توانی کاروانێکی نوێی کۆچبەران بگەڕێنێتەوە کە ژمارەیان ٩٧ گەنجە و زۆربەیان دانیشتووی ئیدارەی ڕاپەڕینن و ئەمەش دوای ئەوە دێت کە تەنها لە دوێنێوە ١٠٠ هاووڵاتی دیکەش گەیشتبوونەوە خاکی نیشتمان.

حکومەت لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەخت لەسەر مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم گەنجانە بۆ ماوەی هەشت مانگ لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا لە بەندینخانەکانی لیبیا بوون و بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسی مردن و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بوونەتەوە بۆیە داوا لە خێزانەکان دەکرێت ڕێگری لە گەنجەکانیان بکەن کە نەکەونە ناو ئەو مەترسیانەوە.

تاوەکو ئێستا کۆی گشتی ئەو کۆچبەرانەی گەڕێندراونەتەوە گەیشتووەتە ٢٩٩ کەس و لە ئێستاشدا تیمێکی تایبەتی حکومەتی هەرێم لە ناو خاکی لیبیا جێگیر کراون بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە گەڕان و ڕزگارکردنی ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە تا ئێستا لەوێ ماون و دۆخی تەندروستی و ژیانیان لە مەترسیدایە.





PM:04:41:24/01/2026