وەزارەتی پێشمەرگە: هیچ پێشمەرگەیەك لەلایەن داعشەوە بەدیل نەگیراوە
جەبار یاوەر
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم هەواڵی چەند دەزگایەكی راگەیاندن، رەتدەكاتەوەو، دەڵێت: هیچ پێشمەرگەیەك لەلایەن داعشەوە بەدیل نەگیراوە.
لە روونكردنەوەیەكدا فەریق جەبار یاوەر، رایگەیاندووە: ئەو هەواڵانەی لەو بارەیەوە بڵاودەكرێنەوە، ناراستن.
دەقی روونكردنەوەكە:
هەندێ كەناڵو ماڵپەڕو میدیا هەواڵێكیان بڵاوكردووەتەوە كە گوایا، رێكخراوی تیرۆریستی داعش 70 پێشمەرگەی بەدیل گرتووەو لە عێراقەوە گواستوێتیەوە بۆ شاری حەسەكەی سوریا.
بۆ ئاگاداری گشت لایەك، ئەم هەواڵە دوورە لە راستیو هیچ بنەماێكی نییە، ئەوەی روونە بەپێی كونگرە رۆژنامەوانییەكەی مانگی رابردومان كە لە شاری هەولێر سازمان كردو، تیایدا ئاماری شەهیدبوونو بریندارەكانو بێسەروشوێنەكانمان بڵاوكردەوە كە تیایدا لەشەش مانگی رابردودا 727 شەهیدمان لەشەڕی دژ بەداعش داوەو سێ هەزارو 564 بریندارو، 34 پێشمەرگەی تر بێسەروشوێنن، كە لەنێو ئەوانەشدا هێزەكانی پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، بەرگریو فریاكەوتنو هاووڵاتیانی خۆبەخش بوون.
بۆیە جارێكی تر جەخت لە ناراستی ئەو هەواڵە دەكەینەوە.
فەریق جەبار یاوەر مەندە
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەو ئەندامو وتەبێژی فەرمی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی پاراستنی هەرێم
PM:01:55:28/12/2014