هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە باس لەزیادبوونی جموجوڵەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع دەکات، وە لە ماوەی چوار ڕۆژی ئاگربەستدا "پێشێلکردنی ئاگربەست" لە لایەن ئەو گروپانەوە "ئەنجامدراوە.
شەممە، ٢٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند "سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئێمە و حکومەتی دیمەشق، بەڵام دیمەشق بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئامادەکاری سەربازی دەکات و گرژییەکان لە ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ زیاد دەکات، نیازی روونی ئەوان بۆ هەڵکشانی گرژییەکان و راکێشانی ناوچەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ دەردەخات".
هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان پابەندی بەندەکانی ئاگربەستن، بەڵام ئامادەکارییەکانی دیمەشق "پێچەوانەی پابەندبوونەکانە و هەوڵێکی بە ئەنقەستە بۆ شکستپێهێنانی هێوکردنەوەی دۆخەکە و پاڵنان بەرەو شەڕ لە بری چارەسەری سیاسی".
ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە کە ئاگربەستی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی سوریا بۆ ماوەی مانگێک درێژ دەکرێتەوە، بەڵام حکومەتی کاتی سوریا هەواڵەکەی ڕەتکردەوە و کاتژمێر ٨:٠٠ ی ئەم شەو ئاگربەست کۆتایی دێت.