هەسەدە و وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتی سوریا ڕاگەیاندراویان لە بارەی ئاگربەستی ١٥ ڕۆژەوە بڵاوکردەوە.
لە کۆتا ساتەکانی شەوی شەممە، ٢٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتی سوریا ڕایگەیاند " لە هەموو ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی سوپای عەرەبیی سووریا، درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست بۆ ماوەی ١٥ رۆژ رادەگەیێنین"
ئامانجی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی ئەو وەزارەتە "پشتیوانیکردنە لە ئۆپەراسیۆنی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی زیندانییانی رێکخراوی داعش لە زیندانەکانی هەسەدەوە بۆ عێراق".
لای خۆشیەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند "لەکاتێکدا گفتوگۆکانمان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە، بە نێوەندگیریی نێودەوڵەتی رێککەوتن کرا لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی ١٥ رۆژ".
هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان بە تەواوی پابەندن بە ئاگربەستەکەوە بە ئامانجی " کەمکردنەوەی گرژییەکان، پاراستنی ژیانی مەدەنییەکان و ڕەخساندنی دۆخێکی گونجاو بۆ سەقامگیری".
بەر لە ڕاگەیاندنی نوێکردنەوەی ئاگربەستەکە گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع باسیان لە هێرشکردنە سەر حەسەکە کرد و وتیان "لە کاتژمێرەکانی داهاتوو ڕێڕەوی مرۆیی دەکەنەوە و خوێندنەوە بۆ دۆخی حەسەکە دەکەن تا هەنگاوی داهاتوویان دیاری بکەن".
ئەم ئێوارەیە هەسەدە بڵاویکردەوە "ڕۆژی شەممە هێزەکانمان لە هەرێمی جزیرێ رووبەڕووی دوو هێرشی جیاواز بوونەتەوە، کە پێشێلکردنی ئاشکرای رێککەوتنی ئاگربەستە".