ئەمریکا بۆ لە رۆژئاوا پشتی لە کورد کرد؟ کورد چی رەتکردەوە؟


بە وتەی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکرات- پەیەدە ئەوانەی لە کۆبوونەوە و رێککەوتنەکەی پاریس ئامادەبوون دەستیان لە پلانی هێرش بۆ سەر کورد هەبووە و لە بەرامبەر رەتکردنەوەی هێرش بۆسەر حەشدی شەعبی لەلایەن کوردەوە هێرشەکان بۆسەر کورد دەستیپێکردووە.

ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتی دیموکرات- پەیەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند " تۆم باراک پێی وتین لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی، دەتوانێت هێرشەکان بۆسەر رابگرێت کە رەتمان کردەوە، هێرشیان دەستپێکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی دیمەشق بە تۆم باراک-مان ووت ئێمە خەبات بۆ ئازادی دەکەین و بەکرێگیراوی کەس نین و شەڕی هیچ هێزێک ناکەین، هێرش نەکاتە سەرمان و ئەگەر هێڕشەکان رانەگیرێن بەرگری لە خۆمان دەکەین.

وتیشی "هێرشی سەر کورد بە وردی پلانی بۆ دانرابوو، دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکەی پاریس هێرشی سەر گەڕەکە کوردییەکانی سەر شاری حەلەب دەستیپێکرد".

 "ئەوەی بەرامبەر کورد لە حەلەب و باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کرا، پلانگێری و فریودانی نێودەوڵەتی بوو" (موسلیم وادەڵێت.).

 ساڵح موسلیم دەشڵێت" ئەوانەی لە کۆبوونەوە و رێککەوتنەکەی پاریس ئامادەبوون دەستیان لە پلانی هێرش بۆ سەر کورد هەبوو، ئیسرائیل، تورکیا، فەڕەنسا، ئینگلتەرا و ئەمریکا ئەمەش ئەوە دەردەخات پلانەکە نێودەوڵەتی بوو و تورکیا پشتیوانی راستەوخۆی دیمەشقی کرد بۆ هێرشەکان و وڵاتانی کەنداویش لەڕێگەی میدیاوە پشتگیریان لەو پیلانگێڕییە کرد، ئەو گرووپانەی دژی کورد شەڕ دەکەن، بەنزیکەی هەموو پێداویستییەکانیان لە لایەن عەنقەرەوە دابین دەکرێن".

باسی لەوەشکرد،" فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا هەم هێرش دەکات، هەم زانیاریش بۆ گرووپەکان کۆدەکاتەوە، چەندین چەک و زرێپۆش لەلایەن شەڕڤانان دەستیان بەسەرداگیراوە هی تورکیان،پلانەکە تەنها رۆژاڤا نەبوو، بەڵکو باشووری کوردستانیش بوو، ئامانجەکە نەهێشتنی کورد بوو". 

جەختی لەوەشکردووەتەوە، تائێستا زیانێکی قورسی سەربازیان بەرنەکەوتووە، "ئێمە کشاینەوە و بەو کشانەوەیە رێگریمان لە دروستبوونی ململانێ و شەڕی کورد و عەرەب کرد و تائێستا مەترسییەکان بەردەوامە و هیچ شتێک چارەسەر نەکراوە، دەتوانین خۆمان بپارێزین و هەرچی رووبدات بەرگری لەخۆمان دەکەین، دەبێت کورد بزانێت پلانەکە بەردەوامە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە".




PM:01:08:25/01/2026