تیمی رێکخراوی نێو دەوڵەتی cpt کەیسێکی کۆمەڵکوژی خێزانێکی کورد ئاشکرا دەکات بە فۆتۆ و ڤیدیۆ و فایلی دەنگی کە لەلایەن سوپای سوریاوە کۆمەڵکوژ کراون.
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی ئەو رێکخراوە لە راپۆرتێکی رۆژنامەوانیدا بەم شێوەیە رووداوی کۆمەڵکوژیەکە دەخاتە ڕوو:
لە ڕۆژی ١٨ی کانوونی دووەمدا و لەکاتی هێرشی چەکدارانی سوپای حکومەتی نوێی سوریا بۆ سەر شاری ڕەقە لە سوریا، خێزانێکی ١٢ کەسی کورد، کە لەکاتی ڕاکردندا بوون بۆ شاری حەسەکە، دەستگیر دەکرێن و شەش ئەندامی خێزانەکە کۆمەڵکوژ دەکرێن، شەشی تریان بریندار دەکرێن.
خێزانەکە، بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "کیا - بارهەڵگر” ژمارە ٤٠٠١٣، لە شاری ڕەقەوە بەڕێدەکەون بۆ شاری حەسەکە. کاتێک دەگەنە نزیک گوندی ئەبو خەشەب لە نێوان ڕەقە و حەسەکە، لەلایەن گروپێک چەکداری سەر بە حکومەتی نوێی سوریاوە ڕادەگیرێن. پرسیاریان لێدەکرێت "خەڵکی کوێن؟”، وەڵام دەدەنەوە "ڕەقە”. بەرپرسی گروپە چەکدارییەکە دەڵێت "کوردن یان عەرەب؟”. ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن "کوردین، بەڵام سەر بە هیچ حزب و هێزێک نین”. بەرپرسەکە دەڵێت "تەواو ئێستا کۆتایی بە هەمووتان دەهێنم!”. بەرپرسەکە فەرمان دەکات کە ئەوانەی بەتەمەنن هەموویان بکوژرێن. خێزانەکە لە تاو گیانی خۆیان دەیانەوێت لە ئۆتۆمبێلەکە بێنە دەرەوە، بەڵام چەکدارەکان تەقە دەکەن و سەرەتا فیشەک دەنێن بەسەری باوکی خێزانەکە کە ناوی "محەمەد ئیسماعیل ساڵح - تەمەن ٥٠ ساڵ” ە و دەیکوژن. دەستی دایکی خێزانەکە بە ناوی "سارا شاهین ساڵح - تەمەن ٤٩ ساڵ” لە پشتەوە دەبەستنەوە و فیشەک دەنێن بە سەریەوە و دەیکوژن. ئینجا بە هەڕەمەکی تەقە لە خێزانەکە دەکەن و ٤ ئەندامی تری خێزانەکە بە ناوەکانی "یوسف محەمەد ساڵح - تەمەن ٢٠ ساڵ، لەیلا محەمەد ساڵح- تەمەن ١٧ ساڵ، ئەڤین محەمەد ساڵح - تەمەن ١٠ ساڵ، مەحمود ئەحمەد ساڵح - تەمەن ٢٦ ساڵ” دەکوژن کە دووانیان منداڵن.
دوای کوشتنی ئەو ٦ ئەندامەی خێزانەکە، چەکدارەکان پێستی دەمووچاوی "لەیلای تەمەن ١٧ ساڵ” هەڵدەکەنن و بەچەقۆ سکی هەڵدەدڕن.
هەروەها چاوی ڕاستی "مەحمودی تەمەن ٢٦ ساڵ” دەردەهێنن. ئینجا لۆگۆی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەخەنە سەر سنگی مەحمود.
دوای ئەوە شەش ئەندامەکەکەی تری خێزانەکە ڕادەکەن و دەیانەوێت لەدەستی چەکدارەکان ڕزگاریان بێت. بەڵام چەکدارەکان بە هەڕەمەکی تەقەیان لێدەکەن و هەموویان بە سەختی بریندار دەکەن. چەکدارەکان، تەرمی کوژراوەکان لە شوێنەکە جێدەهێڵن و بریندارەکان لەگەڵ خۆیان دەبەن. دوای کاتژمێرێک، بریندارەکان لە چۆڵەوانیەک لە نزیک شاری دێرەزوور فڕێدەدەن و ئەوانیش بەجێدەهێڵن. دوای ئەوەی کە خێزانێکی یەکێک لە گوندەکانی دێرەزوور، بریندارەکان دەدۆزێتەوە، دەیان بات بۆ نەخۆشخانەی گشتی دێرەزوور. لە نەخۆشخانەکەدا، سەرباری ئەوەی کە چارەسەری پێویست پێشکەش بە بریندارەکان ناکرێت. یەکێک لە پزیشکەکان، سوکایەتی بە بریندارەکان دەکات و دەڵێت، "دەبوو ئێوەش کوژرابان و نەهێندرابان بۆ ئێرە.” پاش ٤٠ کاتژمێر، بریندارەکان دەگوازرێنەوە بۆ شاری ڕەقە و لەوێش لە یەکتری جیا دەکرێنەوە.
ناوی بریندارەکان، تەمەن و جۆری برینەکانیان:
• شیرین محەمەد ساڵح - ٢٥ ساڵ. چوار فیشەک بەر سکی کەوتووە.
• غەزال محەمەد ساڵح - ١٦ ساڵ. فیشەک بەر قاچی کەوتووە.
• ئیبراهیم محەمەد ساڵح - ١٣ ساڵ. فیشەک بەر دەست و قاچی کەوتووە.
• شادی مەحمود ساڵح - ٦ ساڵ. فیشەک بەر قاچی کەوتووە و دەموچاویش بریندارە.
• لاوەند مەحمود ساڵح - ٢ ساڵ و نیو. فیشەک بەر پێستی سەری کەوتووە و سەری بریندارە. دوو پەنجەی دەستی ڕاستیشی لەدەستداوە.
• ئیبراهیم مەحمود ساڵح - ٤ ساڵ. فیشەک بەر قاچ و ئەندامی نێرینەی کەوتووە.
دوای دوو ڕۆژ لە ڕووداوەکە، هەندێک هاووڵاتی گوندی ئەبو خەشەب، تەرمی کوژراوەکان کۆدەکەنەوە و دەیبەن بۆ نەخۆشخانەی پارێزگای دێرەزوور. تاوەکو ئێستاش تەرمەکان لەو نەخۆشخانەیە ماونەتەوە و بە خاک نەسپێردراون.
کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی، سوکایەتی کردن بە تەرمەکانیان، تۆقاندنی دەستگیرکراوان و تەقەکردن لێیان ئەمانە هەموو پێشێلکاری گەورەی مافی مرۆڤ و تاوانی گەورەن، کە چەکدارانی سوپای حکومەتی نوێی سوریا لە هێرشەکانی ئەم دواییەیاندا بۆسەر ناوچەکانی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا و ناوچەکە کوردنشینەکان ئەنجامیانداوە.
ڕێکخراوی CPT تەواوی بەڵگەنامەکانی ئەم کۆمەڵکوژیە و وێنە و ڤیدیۆ و دەنگی لەبەردەستدایە و ڕاستاندنی بۆ ڕووداوەکە کردووە.
ڕێکخراوی CPT بەردەوام دەبێت لە تۆمارکردن و بە بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر بە هاووڵاتییانی مەدەنی لە باوکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن چەکدارانی حکومەتی سوریاوە ئەنجامدراون.
بۆ بینینی ڤیدیۆکە ئەم لینکە بکەرەوە..