هەسەدە دەڵێت" سەرەڕای ئاگربەست، بەڵام گروپە چەکدارەکانی سەر بە سوریا بەردەوامن لە پێشێلکردنی و توانیویانە هێرشێکی تری زەمینیان تێکبشکێنن".
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات( هەسەدە) رۆژی دووشەممە ٢٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ رایگەیاند " سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بەکرێگیراوانی حکومەتی کاتی زنجیرەیەک هێرشیان بۆسەر شاری کۆبانی و ناوچەی جزیرە دەستپێکرد، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو ئاگربەستە بوو کە لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی کاتی ڕاگەیەندرا".
لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە" فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان سەر بە بەکرێگیراوان گوندی سەفای باشووری شاری جەل ئاغای سەر بە پارێزگای جزیرەی کردە ئامانج و زیانی ماددی لێکەوتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو " لەو پێوەندییەدا تۆپخانە قورسەکان گوندەکانی ئەلجەلەبییە و خەراب ئەشکیان لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانی تۆپباران کرد، دوای ئەوە هەوڵی دزەکردن درا بۆ ناو ئەو دوو گوندە. بەڵام شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی ژنان ڕووبەڕوویان بوونەتەوە، ئەمەش بووە هۆی پێکدادانی توندوتیژ کە لە ئەنجامدا زیانی گیانی زۆر لەنێو بەکرێگیراوەکاندا لێکەوتەوە".
ئاماژەیان بەوەشکردوە، چەکدارەکانی سوریا بە بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی گوندەکانی کۆبانێ و ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنیان کردوەتە مەترسییەوە.