"بە هێرشی درۆنی لە کۆبانێ ٥ هاوڵاتی شەهیدبوون و ٦ کەسی دیکەش بریندران"

‌وێنەی یەکێک لە منداڵە بریندارەکانی ئەمڕۆ


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاویکردەوە کە بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆبانێ ٥ هاوڵاتی سڤییل شەهیدبوون و ٦ کەسی دیکەش بریندارن کە منداڵیشیان تێدایە.

دوو شەممە، ٢٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند "لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ سەر ماڵێک لە گوندی خراب عەشک لە دەوروبەری کۆبانێ پێنج هاوڵاتیی سڤیل شەهیدبوون و ٦ دیکەش برینداربوون کە چواریان منداڵن".

بە پێی زانیارییەکان هێرشەکە ماڵی خێزانێکی سڤیلی کردووەتە ئامانج، و لە ئێستادا بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی ناوچەکە گواستراونەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع گوندی قاسملیەیان لە نزیک کۆبانێ بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا منداڵێک شەهیدبوو و سێ منداڵی دیکەش بریندارن.

ئەمڕۆ ١١ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر سەرکەوتنی کۆبانێ بەسەر داعشدا، بەڵام لە کاتێکدا کە ئاگربەستی ١٥ ڕۆژە لە نیوان هەسەدە و گروپە چەکدارەکانی سەر بەشرعدا هەیە، هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی کە لە ٦ کانوونی دووەمەوە دەستی پێکردوە بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێردەسەڵاتی هەسەدەدا بوون وسەر بە ڕۆژئاوای کوردستانن بەردەوامە.




PM:02:40:26/01/2026