سیناتۆری ئەمریكی، لیندسی گراهام، دەڵێت " جووڵەیەکی جددی لەنێو کۆنگرێسی ئەمریکادا هەیە بە ئامانجی دانانی سنوورێک بۆ هێرشەکان دژی کورد"
دوو شەممە ، ٢٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، لیندسی گراهام، سیناتۆر لە پارتی کۆمارییەکان، ڕایگەیاند " کاتی دانەوەی قەرزە بەو کوردانەی کە جیهانیان لە داعش پاراست، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەریان گۆڕانکارییەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و کاتی ئەوە هاتووە پاداشتی گەلی کورد بدرێتەوە کە قوربانییەکی زۆریان لە شەڕی دژی ڕێکخراوی داعشدا دا".
"ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە، تەنها چاوەڕوان بن بۆ ئەوەی ببینن چی ڕوودەدات، ویلایەتە یەکگرتووەکان و جیهان پێویستیان بە کورد بوو و ئەوان لە سەخترین بارودۆخدا لە پاڵمان وەستان، ئێستاش نۆرەی ئێمەیە لە پاڵیان بوەستین و قەرزە شایستەکە بدەینەوە"، لێندسی گراهام وا دەڵێت.
بە پێی زانیارییەکانی ئەو سیناتۆرە، ئێستا کۆنگرێس ئامادەکاری دەکات بۆ بەکارهێنانی "کارتی گوشاری بەهێز لەپێناو پاراستنی کورد"، وتیشی کە "بابەتەکە لە ڕەهەندی سیاسی تێدەپەڕێت و دەبێتە هەڵوێستێکی ئەخلاقی و وەفایەک بۆ خوێنی شەهیدانی کورد کە لە ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆردا بەرگرییان لە جیهان کرد".