هۆکاری دواکەوتنی مووچە ئاشکرا دەکرێت


لەگەڵ ئەوەی لە ٢٣ ئەم مانگەوە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەیداوە، بەڵام بە هۆی کێشەی کەمی پارەی نەختینەوە، مووچەی ئەم مانگە دوادەکەوێت.  

دوو شەممە، ٢٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، بە پێی هەواڵیکی میدیای نزیک لە پارتی، هۆکاری دواکەوتنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار، یەکەمیان، عیراق مانگانە تەنیا بۆ خەرجی بەکارخستن و مووچە پێویستی بە زیاتر لە ٩.٦ تریلیۆن دینارە، لەکاتێکدا داهاتی نەوتی عێراق بۆ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ گەیشتووەتە هەشت تریلیۆن دینار کە عێراق بۆ دابەشکردنی مووچە پشتی پێ دەبەستێت.

هۆکاری دووەم، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچە لە عێراق بڕیارێکی حکومەتی عێراقە بۆ بڕینی هەندێک لە دەرماڵەکان، بە رێژەی ٪٥٠ ی دەرماڵەی بڕوانامەی باڵای ماستەر و دکتۆرا کە لە ٢٠١٢ بڕیاری لێدراوە.

 لەو بارەیەوە، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەو میدیایەی ڕاگەیاندوە "بەهۆی ئەو رێکارەوە مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دواکەتووە، چونکە لیستی مووچە پێویستی بە گۆڕانکاری و رەزامەندیی وەزارەتی دارایی فیدراڵییە.
 
لە بارەی مووچەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئاگادارکردنەوەیەکی بەغدایە بۆ ناردنی داهاتی نانەوتی .
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان  ٢٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ڕایگەیاند"هیچ کێشەیەک لەبەردەم وەزارەتی دارایی نییە بۆ ناردنی راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە و لیستی مووچە و چاوەڕێی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵە."

شێروان دووبەردانی دەڵێت "بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە لە عێراق، ئەگەر هەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دوا بکەوێت، چونکە لە دوای دابەشکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەنێردرێت."

ساڵی ٢٠٢٥ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ١١ و ١٢یان وەرنەگرتوە و ئێستاش چارەنووسی مووچەی یەکەم مانگی ساڵی ٢٠٢٦ دیار نییە. 




PM:06:08:26/01/2026