لەگەڵ فراوانبوونی هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕونکردنەوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە بۆ خستنەڕووی گەیاندنی هاوکارییەکان.
دوو شەممە، ٢٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "پڕۆسەی گەیاندنی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و سەلامەت لە ڕووی لۆجستی و ئیدارییەوە دەستی پێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی ٢٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە".
"ئێستا هەڵمەتێکی گەورە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەستی پێکردووە و هاونیشتمانیان بڕێکی زۆر لە پێداویستی و شتومەکی جۆراوجۆریان پێشکەش کردووە"، وەزارەتی ناوخۆ وا دەڵێت.
لەبارەی سەرپەرشتیکردنی کۆمەکە کۆکراوەکانەوە، لە ڕونکردنەوەکەدا هاتوە "بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، وەک لایەنی پسپۆڕ سەرپەرشتی تەواوی پڕۆسەی کۆکردنەوە، پۆلێنکردن و گواستنەوەی هاوکارییەکان دەکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و زانستی بگەنە دەستی لێقەوماوان".
وەزارەت ناوخۆ داوایەک ئاراستەی ئەو کەسانە دەکات کە بەشداری هەڵمەتەکان دەکەن و وتویەتی "بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکانتان، بەڵام تەنیا لە ڕێگەی ئەو میکانیزمە فەرمییەی کە دیاری کراوە، هۆشداری دەدەین کە هیچ کەس و لایەنێک بە شێوەیەکی سەربەخۆ کەلوپەل و کۆمەک نەباتە سنوورەکان، چونکە گەیاندنی هاوکاری بۆ ناو خاکی سووریا پێویستی بە ئامادەکاریی لۆجستی و ڕەزامەندیی پێشوەختەی ئیداری هەیە، کە ئەوەش تەنها لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کۆچ و کۆچبەرانەوە ڕێکدەخرێت".