فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئاشکرای کرد کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێگەیشتووە.
مەزڵوم عەبدی، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە'' لەو پەیوەندییەدا بافڵ تاڵەبانی بە ڕوونی پشتیوانی و پشتگیریی خۆی بۆ بەرخۆدانی گەل و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەربڕیوە.''
بەشێکی تری وتەکانی مەزڵووم عەبدی تەرخانکرابوو بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ هاووڵاتیانی شاری سلێمانی.
وتیشی'' جێگەی شانازییە بۆمان کە دەبینین خەڵکەکەمان لە سلێمانی لە خۆپیشاندانی فراواندا رژاونەتە سەر شەقامەکان.''
لە کۆتاییدا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو جووڵە جەماوەرییەی لە سلێمانی دەبینرێت، نیشانەی پشتیوانی بەردەوامی خەڵکی ئەو ناوچەیەیە بۆ دۆزی گەلی کورد لە سووریا، و ئەم پاڵپشتییە مەعنەوییە بە هۆکارێکی گرنگی بەهێزبوونی ورەی هێزەکانیان لە قەڵەم دا.