ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی کانونی دووەم، لە گەڕەکی "شۆڕش" لە شاری هەولێر، تەرمی سێ ئەندامی یەک خێزان (ژن و پیاوێک و کوڕەکەیان) لەناو ماڵەکەی خۆیاندا بە کوژراوی دۆزرانەوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان و پشکنینی شوێنی ڕووداوەکە، ژن و پیاوەکە ئاسەواری "خنکاندن" بە جەستەیانەوە دیارە، لە کاتێکدا کوڕەکەیان بە چەقۆ کوژراوە.
شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە تاوانەکە لەلایەن چەند کەسێکەوە ئەنجام دراوە و دوای کوشتنی ئەندامانی خێزانەکە، تۆمەتبارەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
دوای گەیشتنیان، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی گەڕەکەکەیان داوە و دەستیان بە کۆکردنەوەی بەڵگە و وەرگرتنی وتەی شایەتحاڵەکان کردووە.
تا ئێستا هۆکاری سەرەکی و پاڵنەری پشت ئەم تاوانە بە نادیاری ماوەتەوە، تەرمی هەر سێ قوربانییەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراون بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاری و دیاریکردنی کات و چۆنیەتی وردی گیانلەدەستدانیان.