وردەکاری شەڕی ئەمڕۆی رۆژئاوای کوردستان لە نێوان هەسەدە و چەکدارانی شەرع ئاشکرادەکرێت

وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رایگەیاند کە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە گوندەکانی ناوچەی چل ئاغا لە گوندەواری حەسەکە رووبەڕووی هێرشێکی چڕ بوونەتەوە و پێکدادانی قورس لەو ناوچانەدا بەردەوامە.

سیامەند عەلی ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕڤانان بە درێژایی شەقامەکان بڵاوەیان پێکراوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک و تاوەکو ئێستا هیچ هێرشێکی راستەوخۆ نەکراوەتە سەر ناوەندی شاری حەسەکە بەڵکو شەڕەکان لە دەوروبەری شارەکەن.

بەپێی وتەکانی وتەبێژی یەپەگە هێزەکانیان توانیویانە چەندین زرێپۆشی چەکدارەکان تێکبشکێنن و زیانی زۆریان پێ بگەیەنن. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانانەدا نزیکەی ٤٠ تەرمی چەکدارەکان لە دەوروبەری گوندی سەفا لە لادێی چل ئاغا بەجێماون و هاوکات، لە گوندەواری کۆبانیش دەیان تەرمی دیکەی چەکدارەکان لە دوای شەڕەکان لە مەیدانەکەدا ماونەتەوە.

سیامەند عەلی روونی کردەوە کە هێرشبەرەکان لە هەوڵی ئەوەدان کۆنترۆڵی ئەو ڕێگا سەرەکییە بکەن کە بەرەو دەروازەی سنووری سێمالکا دەچێت. 




PM:09:01:26/01/2026