مەسرور بارزانی و مەزڵوم عەبدی تاوتوێی شەڕی نێوان هەسەدە و چەکدارانی دیمەشق دەکەن

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیەکی چڕ دەربارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە ئەنجامدرا کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگی بەردەوام کردەوە.

تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکانی نێوانیان تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکان بە ئاراستەی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ تاوتوێکردنی پرۆسەی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی چەکدارانی داعش بۆ وڵاتی عێراق بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی زیاتری مەترسییە ئەمنییەکان.

لەلایەن خۆیەوە مەسرور بارزانی لە میانی پەیوەندییەکەدا پشتیوانی تەواوی حکومەتەکەی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتکردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانی نیشاندا بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک کە خزمەت بە سەقامگیری ناوچەکە و پاراستنی دەستکەوتەکان بکات.

هاوکات، مەزڵوم عەبدی سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی سەرۆکی حکومەت دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەڵوێستانە ڕەنگدانەوەی گیانی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و هاوبەشییەکی ڕاستەقینەیە لەم هەلومەرجە سەخت و هەستیارەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.






PM:09:52:26/01/2026