ئیسرائیل ڕەخنە لە بێدەنگی جیهان دەگرێت بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە پەیامێکی فەرمید، ڕایگەیاند'' لە کاتێکدا سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەردێڕی هەواڵەکان بە پرسە جیاوازەکانی جیهانەوە سەرقاڵن، کەمینەکان لە وڵاتی سووریا لە بێدەنگییەکی کوشندەدا ڕووبەڕووی شاڵاوی سڕینەوە دەبنەوە.''

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا، ئیسرائیل تیشکی خستووەتە سەر دۆخی نەتەوەی کورد لە سووریا و جەختی کردووەتەوە کە کوردەکان لەو وڵاتەدا تەنیا لەبەر "ناسنامە نەتەوەییەکەیان" ڕووبەڕووی توندوتیژی، کوشتن و ئاوارەکردنی زۆرەملێ دەبنەوە. ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەمە پێشێلکارییەکی ڕەهای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی وڵاتانی جیهان گرتووە و ڕایگەیاندووە'' بێدەنگبوون لە ئاستی کوشتن و بێسەروشوێنکردنی کوردەکان بە واتای بێلایەنی نایەت بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەم بێدەنگییە وەک چاوپۆشی و ڕێگەخۆشکردنێک دەبینرێت بۆ بەردەوامبوونی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بەو نەتەوەیە ئەنجام دەدرێن.''

لە کۆتایی پەیامەکەدا، ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە مافەکانی مرۆڤ پرەنسیپێکی گشتگیرن و نابێت بە شێوەی "هەڵبژاردن" مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت؛ واتە ناکرێت لە شوێنێک داکۆکییان لێ بکرێت و لە شوێنێکی تر چاوپۆشی لە پێشێلکردنیان بکرێت. داواشی کردووە کە پێویستە جیهان چاوەکانی لەسەر ئەو نەهامەتییانە نەنوقێنێت کە بەسەر کەمینەکاندا دێت.



PM:11:20:26/01/2026