نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی "ئێکس" ڕایگەیاند'' پەیوەندییەکی تەلەفۆنی "بەرهەمدار"ی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئەنجامداوە. لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا بە وردی بارودۆخی سووریایان تاوتوێ کردووە و جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی ئاگربەست کردۆتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.''
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان تۆم باراک و مەسعود بارزانی، بریتی بووە لە پرسی مرۆیی و زامنکردنی گەیشتنی یارمەتییەکان.
باراک ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی خێرا و بێ ئاستەنگ بگەنە دەستی ئەو کەسانەی کە لە شاری کۆبانێ پێویستییان پێیەتی.
سەبارەت بە دۆخی سیاسی عێراق، تۆم باراک هەڵوێستێکی ڕاشکاو و توندی نیشاندا و ڕایگەیاند'' هەر حکومەتێک لە عێراق لەلایەن ئێرانەوە دابمەزرێنرێت یان بسەپێندرێت، چارەنووسی شکست دەبێت.
ناوبراو جەختی کردەوە کە حکومەتێکی لەو شێوەیە نە دەبێتە مایەی بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عێراق و سووریا، و نە دەتوانێت ببێتە هاوبەشێکی کاریگەر بۆ ئەمریکا.