وەزیری دارایی و ئابووری، بڕیاریدا مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە ڕادەگیرێت کە تا ئێستا خۆیان لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار نەکردووە
ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئاوات شێخ جەناب، پێشوازیکرد لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران.
لۆ کۆبوونەوەکە باس لەوەکرا کە تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمارکراون، هەروەها بۆ مووچەی ئەم مانگە نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەس لە ڕێگەی کارتە بانکییەکانیانەوە مووچە وەردەگرن.
جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارێکی توندی وەزارەتی دارایی کرایەوە کە تێیدا هاتووە مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە ڕادەگیرێت کە تا ئێستا خۆیان لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار نەکردووە یان کارتی بانکییان بۆ دەرچووە و نەچوونەتە وەرگرتنەوەی، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە سیستەمی کۆنی دابەشکردنی مووچە.
تیمی سەرپەرشتیار و وەزیری دارایی بڕیاریاندا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو بانکانە بگرنەبەر کە کێشەی تەکنیکی و کەمیی ئامێری ATM یان هەیە، بەتایبەت ئەو بانکانەی سەنتەری پەیوەندییان نییە یان درەنگ ئامێرەکان پڕ دەکەنەوە، هۆشداریش درا کە هەر بانکێک نەتوانێت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکات و پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، لە پڕۆژەکە دوور دەخرێتەوە و سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.
پرسی بانکی TBI تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، بەهۆی بەردەوامی کێشە تەکنیکییەکان و نەبوونی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە قەزا و ناحیەکان، بڕیاردرا ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە ناویان تۆمار کردووە بەشێوەی ئارەزومەندانە بگوازرێنەوە بۆ بانکێکی تری ناو پڕۆژەکە، چونکە بانکەکە نەیتوانیوە خزمەتگوزاری پێویست لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابین بکات.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی تۆمارکردنی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان کرا کە نزیکەی ٣٥٤ هەزار کەسیان تۆمارکراون و پرۆسەکە بەرەو کۆتایی دەچێت،.
هاوکات ئاماژە بە دەستپێکردنی پڕۆسەی کردنەوەی هەژمار بۆ جوتیاران کرا تا لەمەودوا شایستە داراییەکانیان بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە وەربگرن.